ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: حەلیمە مەڵایی:نزیکەی چوار ساڵ دوای وەستانی شەڕی چەکداری قورس لە سووریا کە بەردەوام پێکدادانی توندی نێوان هێزەکانی حکومەت و گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیای بەخۆیەوە بینی. دووبارە شەڕی خەست لە سووریا هەڵگیرساوە.
گرووپی تەحریرولشام و چەند گرووپێکی تیرۆریستی دیکەی سەر بە تورکیا و داعش کە یەک ڕۆژ دوای ئاگربڕی نێوان ئیسڕائیل و لوبنان بە چەک و چۆڵی تەیار و جیهازاتی پێشکەوتووتر بووژاونەتەوە، هێرشی بەرفراوانیان دژی سوپای سووریا و کوردەکانیش دەستیپێکردووە.
جەنایەتکارانی تیرۆریست بە ئامانجی ڕووخاندنی دەسەڵاتی یاسایی سووریا و لەباربردنی دەستکەوتەکانی کورد لە باکووری سووریا بە پشتیوانی تورکیا و ئیسڕائیل و ئەمریکا بە دڕندانەترین شێوە لە پێشڕەویدان و خەریکی کوشتوبڕی خەڵک و هێزی سەربازی سووریا و شەڕڤانانی کوردن.
بۆ باس لە سەر پاشهاتەکانی شەڕ و بشێوی سووریا هەواڵنێری مێهر پەیوەندی بە فەرمان حەسەن چاودێری سیاسی و کارناسی پرس و بابەتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچە کردووە کە لە خوارەوە دێت.
بەڕای ئێوە چۆناوچۆنە ئەم گرووپانە دوای ماوەیەک بەم شێوە سەر هەڵدەدنەوە؟ ئەویش لەم کاتەدا کە ناوچەکە ئاوا ئاڵۆزە و ڕۆژێک دوای ئاگربڕی لوبنان، ئاگری شەڕ لە سووریا دووبارە گەش دەبێتەوە؟
سەرهەڵدانەوەی گرووپە چەکدارەکانی سووریا تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە زنجیرە رووداوەکانی لوبنان و غەزەوە هەیە، لەبەرئەوەی ئەم گرووپانە کارتی سیاسی وڵاتانن لە هەرکات و شوێنێکدا بەکاردەهێندرێن بەپێی بەرژەوەندی وڵاتان، ئەو جموجوڵانەی ئێستایان لەم کاتەدا خۆرسک نین، بەڵکوو لەپشت ئەمەوە خواستی دەرەکی هەیە بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی جوگرافیای هێز لە سووریا، هەروەها ئەم هێرشانە تا ڕادەیەک بەرەی شەڕ دژی ئیسرائیل سەرقاڵ دەکات، ئەمەش تاڕادەیەک ئاستەنگ دەبێت، لەبەردەم حزب اللە بۆ خۆرێکخستنەوە و
لە ئەنجامیشدا وادەکات ئیسڕائیل زیاتر سەرنجی لەسەر شەڕی غەزەبێت،
هەروەها ئەم گرووپانە هەمیشە رەگەزی نائارامین لە ناوچەکەدا، بە لۆژیکی ئیرهاب مامەڵە دەکەن پێچەوانەی سروشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی سوری و هەروەها فرەیی قەومی و مەزهەبییان پێ هەزم ناکرێت ئەمەش مەترسییەکی جدییە، لەسەر سووریا و خەڵکەکەی و گەلانی دراوسێ.بۆیە گرنگە ئاستێک بۆ گرژییەکان دابنرێت.
باسی مەترسییەکانی پەرەسەندی توندوتیژی و بەهێزبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سووریا بکەن. کاریگەریی ئەم بشێوەیە لە سەر ئاسایشی ناوچەکە چیە؟
بێگومان ئاسایشی سووریا پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکەوە، باڵا دەستی ئەم گرووپانە مەترسییە بۆ ئاسایشی وڵاتان و ئاگر لە ئاسایشی هەموو ناوچەکە بەردەدات، تەنانەت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، بەتایبەت بۆ دۆخی عێراق زۆر هەستیارو مەترسیدارە، چونکە بەغدا ماوەیەکی زۆر نییە بەسەر شەڕی تیرۆردا سەرکەوتووەو هەناسەیەکی داوەو چاوی لە بوژانەوەیە، ناکرێت عێراق بئاڵێتەوە لە شەڕێکی مەترسیدارەوە، ناکرێت ئەوەش لەبیر بکەین داعش سەرەتا لەسوریاوە گەشەیکرد و پەلی هاویشت بۆ عێراق، گەڕانەوەی ئەم گرووپانە زەمینە بۆ زیندووبوونەوەی داعش دەرەخسێنێت لە سووریا و دواتریش عێراق، بە وجودی داعشیش گرەنتی سەقامگیری لەناوچەکەدا بوونی نامێنێت هەموولایەک زیان دەکەن.
ڕژێمی زایۆنی و ئەمریکا وەک دایک و بابی هەموو تیرۆریستان ئێستا بۆ چ بەرژەوەندییەک لەگەل تیرۆریستانی سەر بە تورکیا دەستیان تێکەڵ کردووە؟
هەموولایەک دور یا نزیک لەگەشەی تیرۆر زیان دەکەن، ئەمانەی پشتگری تیرۆریستانن وەک وتم تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیانە و تورکیاش لەم پێناوەدایە دەیەوێت دەستکەوتەکانی کورد لە ناوچەکە لەباربەرێت و چووەتە بەرەی ئیسڕائیل دژی سووریا و بەتایبەت دژی کورد. پێم وایە هاوشێوەی ئەو هاوپەیمانییەی بۆ لەناوبردنی داعش دروست بوو بەهەمان شێوە لە سووریاش گرنگە کارێکی وەها بکرێت، بۆ ئایندەی سووریا باشترە وڵاتان پشتگیری لە سیستەمێکی نوێی سیاسی بکەن کە گرەنتی مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا بێت، هەرکاتێک کە مەترسییەکانی گرووپە چەکدارەکان زیاتر دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی روونتر لە پێویستی مانەوەی دەسەڵاتی هەسەدە لە سووریا تێدەگات، ڕام وایە دەبێت هەموولایەک پشتیوانی دەسەڵاتی هەسەدەبن چونکە راگرێکی بەهێزە لەبەردەم تیرۆر. دەرکەوت بەدیلی کورد لە سووریا تیرۆرە، تیرۆریش هەرگیز نابێتە بەدیل بۆیە پێم وایە دەبێت بەرەیەکی هاوبەش هەبێت بە بەشداری کورد و دۆستە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بۆ دژایەتی تیرۆر لە سووریا. هۆکاری سەرەکی شکستهێنانی گفتوگۆکانی رابردوو پەراوێزخستنی هەسەدەبوو بۆیە بێگومان گفتۆگۆ و گوێگرتن لە هەسەدە گرەنتی سەقامگیری زیاتر دەکات لە سووریا و پێگەی تیرۆر لاواز دەکات.هیچ لایەک بەپشتیوانی تیرۆر ناتوانێت داهاتوو بەدەست بهێنێت.