ئەڵمانیا لەمدواییەدا وێڕای هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی چەکەمەنی تورکیا، دەستی کردووە بە بە دەستگیرکردنی کوردەکانی ئەو وڵاتە و ڕادەستکردنەوەی پەنابەرانی کورد بە دەوڵەتی ئەنقەرە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، گۆڤاری شپیگێلی ئەڵمانیا لەمدواییەدا ڕاپۆرتێکی لەبارەی هەڵوێستی دەوڵەتی ئەڵمانیا هەمبەر بە کوردەکان بڵاوکردەوە و بە ئاماژە بە سەپاندنی گەمارۆ چەکەمەنی دەوڵەتی بەرلین لە ساڵی ٢٠١٩ لە دژی دەوڵەتی ئەنقەرە بە هۆی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانی سووریا. ڕایگەیاند: ئەڵمانیا لەم دواییەدا هەنگاوگەلێکی بۆ ئاسایی‌کردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا هەڵگرتووە کە بۆتە هۆی نیگەرانی کوردەکانی سووریا و تورکیا.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئەڵمانیا لە پێناو ڕازی‌کردنی تورکیا بۆ ڕەزامەندی لە تەڤلبوونی سوید و فەنلاند بە ناتۆ، دەستی داوەتە هەڵمەتگەلێک بۆ سنووردارکردنی چالاکیی گرووپە کوردییەکان و قەدەغەکردنی دروشم و هێماکانی ئەو گروو‌پانە و هەموو ئەو کارانەشی بە بیانووی پێشگری لە تێهەڵچوونی هاووڵاتیانی تورک و کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر بە گوێرەی شپیگێل دەوڵەتی بەرلین لەمدواییەدا چەک و چۆڵێکی زۆری بە بایەخی سەدام ملیۆن دۆلار هەناردەی تورکیا کردووە و هاوکات چەندین کەسایەتی کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتەی وەک کەنعان ئەیاز بە تاوانی پاڵپشتی لە پەکەکە دەستگیر و دادگایی کردووە.

لە لایەکی ترەوە ڕۆژنامەی فرانکفۆرتێر ئاڵگماینە زایتۆنگ ئاشکرای کرد کە ئەڵمانیا لەم دواییەدا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا بۆ دەرکردنی پەنابەران و گەڕاندنەوەیان بۆ تورکیا واژۆ کردووە و نووسی: بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هەر حەوتە ٥٠٠ پەنابەر ڕەوانە تورکیا دەکرێنەوە و بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە لەسەدا ٨٤ی پەنابەرانی ساڵی ڕابردووی ئەڵمانیا کورد بوونە، ئەوا ئەو ڕێککەوتنە زیاتر ڕووی لە کوردەکانە.