سەرۆک کۆماری ئێران و سوڵتانی عەمان سەبارەت بە پرسەکانی ناوچە بە تایبەت درێژەی جەنایەتەکانی ڕژیمی زایۆنی لە غەزە و لوبنان و پێوەندییە دووقۆڵییەکان گفتوگۆی تەلەفونیان کرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران دوانیوەڕۆی ئەوڕۆ چوارشەممە لە گفتوگۆیەکی تەلەفونی لەگەڵ "هەسیەم بێن تاریق" سوڵتانی عەمان جەختی لە پێوەندیی باش و تۆکمەی نێوان دوو وڵات و هەوڵ بۆ پەرەدان بە پێوەندییە دۆستانەکانی تاران-مەسقەت کرد.

پزشکیان لە درێژەی ئەو گفتوگۆیەدا جەختی لە زەروورەتی هاوڕیزیی وڵاتانی ئیسلامی لە قۆناغی ئێستاکە کرد و وتی: ئەگەر ئێمە وڵاتانی ئیسلامی پێکەوە هاوڕیز بین، ڕژیمی زایۆنی جەسارەتی ناکا بەو ئاسانییە دەست بۆ جەنایەت ببات و ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی پاڵپشتی لێ بکەن.

سەرۆک کۆمار هەروەها پێزانی خۆی بۆ هەڵوێستە بنەماییەکانی عەمان دژی جەنایەتەکانی ڕژیمی زایۆنی لە غەزە و لوبنان دەربڕی و خوازیاری گوشارخستنی زیاتر لە سەر پاڵپشتانی ڕژیمی زایۆنی بۆ وەستاندنی ماشینی کۆمەڵکوژی و جەنایەتەکانی ئەو ڕژیمە بوو.