سەرچاوەکانی هەواڵ لە جموجۆڵ و هەڵمەتی نوێی سەربازیی ئەرتەشی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی خاکی سووریا بە مەبەستی مانەوە لەو وڵاتەدا هەواڵیان دا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە "المیادین"، فرۆکەیەکی بارهەڵگری ئەمریکی بە باری چەک و جیهازاتی سەربازی ئەوڕۆ لە بنکەی شەدادی لە هاوێری باشووری حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا نیشتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەیەک لەوە پێش ڕۆژنامەی "الاخبار" ئاشکرای کرد کە ئەمریکا نایەوێ لە سووریا بکشێتەوە، بەڵکوو بە بیانووی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و هێرشی گرووپەکانی بەرخۆدان بۆ سەر بنکە و هێزەکانی، لە چەند مانگی ڕابردووەوە بە گواستنەوەی چەکێکی زۆر، خەریکی تۆکمەکردنی مانەوەی خۆی لەو وڵاتەیە و هەر لە ئێستاوە خۆی ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی زەوینی دەکات.
ئەو ڕۆژنامە عەرەبییە نووسیشی: هێرشی گرووپەکانی بەرخۆدان بۆ سەر بنکە نایاساییەکانی ئەمریکا لە سووریا لە مانگی ئەگێست و دانپیدانانی ئەمریکییەکان بە قوربانی‌دانیان لە کرانە ئامانجی فرۆکەخانەی "خەرابولجەیر" تەنیا هۆکاری گواستنەوەی هیزی ئەمریکی بۆ سووریا نەبووە، بەڵکوو واشنتۆن بۆ درێژەدان بە مانەوەی لە سووریا تێدەکۆشێ.