دەم پارتی وێڕای ئیدانەکردنی تیرۆری ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد کۆتایی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بێنێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان(دەم پارتی) بە هاوسەرۆکیی توولای ھاتموغووللاری و توونجەر باکیرھان، بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک کاردانەوەی نیشان دا بە تیرۆری سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا.

لە ڕاگەیێندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە: ئێمە کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە بەیرووت بە توندی ئیدانە دەکەین و لامان وایە هێرشەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیل کە بە ئامانجی تیرۆری ڕێبەریی حزبوڵڵا لە لوبنان ئەنجام درا تەنیا تەشەنەی قەیرانەکانی ناوچەی بەدواوە دەبێت.

دەم پارتی ئاماژەی بەوەش داوە: ئێمە بۆ جارێکی تر خوازیاری کوتایی‌هێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیلین؛ ئەو هێرشانەی کە قەیرانە مرۆییەکان لە غەزە قووڵتر دەکا و دەبێتە هۆی ئاوارەیی فەلەستینییەکان و کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤیل لە لوبنان.

لەو ڕاگەیێندراوەدا هەروەها داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کراوە کە بۆ وەستاندنی هێرشی دەستدرێژانەی ئیسرائیل هەوڵ بدەن و ڕێگەیەک بکەنەوە بۆ گەیاندنی یارمەتیگەلی مرۆڤدۆستانە بە ناوچە زیان‌ پێگەیشتووەکان.