وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی کوردستان گەییشتە فڕۆکەخانەی سنە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەسکەندەر مومنی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە گەییشتە فڕۆکەخانەی سنە و وتی: ئەمڕۆ پارێزگاری نوێی کوردستان کە لەلایەن کومیتەیەک لە کەسانی بە ئەزموونەوە هەڵبژێردراوە، دەستبەکار دەبێت.

ناوبراو زیادی کرد: ئەو کومیتەیە کە پێوەری دیاری کراوی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارەکان ، لە نێوان 5 بۆ 7 کەسدا یەک کەسیان هەڵدەبژێرێت.

مومنی ڕایگەیاند: بۆ پارێزگای کوردستانیش ئارەش لهۆنی هەڵبژێردرا و کابینەی وەزیرانی ناوبراوی ناساند و بە دەنگی کۆ و سەداسەدی کابینە هەڵبژێردرا.