کۆمیسیۆنی توێژینەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی سووریا، لە ڕاپۆرتێکدا هێرشی تورکیا و ملیشیاگەلی ژێر فەرمانی ئەو وڵاتە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای بە پێشێل‌کردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان زانی.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی توێژینەوە لەبارەی سووریا لە ٥٧ـه‌مین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤی سویسرا، لە ڕاپۆرتێکدا هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا و ملیشیاگەلی ژێر فەرمانی ئەو وڵاتەی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای بە پێشێل‌کردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ زانی.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تورکیا لە هێرشەکانیدا هاوکاتی خاپوورکردنی ژێرخانەکانی ناوچە و کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیل، خۆسەرانە خەریکی قۆڵبەست‌کردن و ئەشکەنجە و تاڵانی خەڵکی خۆجێییە.

ئەم کۆمیسیۆنە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاوڕدانەوە لە قەیرانی ئابووری و دۆخی نالەباری ئەمنیی ناوچەکە، خوازیاری وەستاندنی خێرای هێرشەکان و پەرەدان بە یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بۆ سووریا بوو.