بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، تۆڕی نێودەوڵەتی بۆ هاوڕیزیی ژنان لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان(HDP) کە هەنۆکە لە زیندانی ژمارە ١ی سەرووئەمنیی قۆجائلی زیندانییە، هاوکات لەگەڵ دەسپێکی مانگی سێپتامبێر هەڵمەتێکی بۆ ئازادیی زیندانیانی دۆسیەی کۆبانی لە ژێر ناوی "ئازادی بۆ فیگەن یوکسەکداغ" وەرێخست.
ئەم هەڵمەتە کە بریتییە لە داخوازی بۆ ئازادیی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و زیندانانی تری دۆسیەی کۆبانی، لە لایەن تۆڕی نێودەوڵەتی بۆ هاوڕیزیی ژنان، پێکهاتوو لە ژنانی ئەندامی یەکێتی سۆشیالیستیی ژنانی ئەورووپا(SKB)، زۆرا و پلاتفۆڕمی دەنگی زیندانیان(TSP) ڕاپەڕێندراوە.
لە بەیاننامەی ئەو تۆڕە نێودەوڵەتییەدا هاتووە: ئێمە لە بەرامبەر سزای زیندانیکرانی ١٣ سیاسەتوانی شۆڕشیی کورد کە لە بەرواری ١٦ی مەی ٢٠٢٤ لە دادگەی سینجانی ئەنقەرە لە دۆسیەی کۆبانیدا دادگایی کران، بێدەنگ نابین و لە هەوڵەکانمان ناکشێینەوە.