بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شارپرێس نووسی:دەوڵەتی تورکیا، لە چوارچێوەی لەناوبردنی سروشت و تێکدانی ناسنامەی کورد لە عەفرین، ئەمجارە بە ڕوونی ئاگری لە دارستانەکانی عەفرین بەرداوە و چەند ڕۆژێکە ئاگرەکە نەکوژاوەتەوە.
ماوەی ٦ ڕۆژە ئاگر لە دارستانەکانی عەفرین کەوتووەتەوە و تا ئێستا نەکوژاوەتەوە.
وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا، ئیبراهیم شەیخۆ، بەشارپرێسی ڕاگەیاند:ئاگرەکە دارستانەکانی چیای کرمێنچ لە ناحیەی ڕاجۆی عەفرین و چیای هاوار و دارستانەکانی قەزای شێراوا و دار زەیتونەکانی گرتووەتەوە.
ئیبراهیم شەیخۆ دەڵێت: "بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، عەرەب و تورکمانەکان و هێزە چەکدارەکان بە فەرمانی دەوڵەتی تورکیا، ئەمساڵ ئاگریان لە دارستان و دارەکانی عەفرین بەردا".
شێخۆ هەروەها ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە سوتاندنی دارستانەکان سروشتی عەفرین لەناو ببات و ئەو کوردانەی کە ماونەتەوە لە عەفرین دەربکات.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی تورکیا دوای سووتاندنی ئەو دارستانانە گوند بۆ عەرەب و تورکمان دروست دەکات و لەوێ دایاندەنێت و ئامانجیشی قووڵکردنەوەی گۆڕانی دیموگرافیە لە عەفرین و لەناوبردنی ناسنامەی کورد.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو دارانەی کە لەم چەند ڕۆژەدا سوتاون، ئیبراهیم شەیخۆ ڕایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 1000 دار سوتاون، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەکە زیاتر بێت چونکە ئاگرەکە هێشتا بەردەوامە.
بەپێی ئەو داتایانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا بەشارپرێسی داوە، لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە، دەوڵەتی تورکیا ٢٠ هەزار داری زەیتون و هەزاران داری دیکەی لە عەفرین سوتاندووە.
Publish Date: ١١ حوزەیران ٢٠٢٤ - ١٥:٠٨
دەوڵەتی تورکیا دارستانەکانی کورد لە عەفرین دەسووتێنێت و لە شوێنی ئەوان گوند بۆ تورکمان و عەرەب دروست دەکات، بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای ناوچەی عەفرین بە تەواوی بگۆڕێت.