ئاژانسی هەواڵی مێهر، گرووپی نێودەوڵەتی: سەفەری بەرپرسانی وڵاتانی دەرەکی بۆ تاران بۆ ڕێزلێنان نیشانی دەدات هەوڵەکانی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی و حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان چەند پەیامی گرینگی لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەبوو. لە ئەو نووسراوەدا ئەو پەیامانە بەکورتی باس دەکرێت.
ورەی جیدی عەرەبستان بۆ بەردەوام بوونی پێوەندی لەگەڵ ئێران
دوای شەهید بوونی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوڕێکانی، سەلمان بێن عەبدولعەزیز، پادشا و محەمەد بێن سەلمانی وەلیعەهدی عەرەبستان پەیامی سەرەخۆشیان نارد و چەند بەرپرسی فەرمیشیان لە ڕێوڕەسمی ڕیزلێنان لە سەرۆک کۆماری کۆچکردوو بەشداریان کرد کە ئەوانە نیشانەی گۆڕانی ڕوانگەی ڕیاز هەمبەر تاران و بەردەوام بوونی پێوەندی لەگەڵ ئێرانە.
بەشداری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە تاران؛ نیشانەی ویستی هەولێر بۆ باشتر بوونی پێوەندی لەگەڵ تاران
لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە سەرۆک کۆماری شەهیدی ئێران سێ بەرپرسانی باڵای هەرێم لەوانە نێچیرڤان بارزانی، مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەشداریان کرد و هەروەها مەسعوود بارزانیش پەیامی سەرەخۆشی نارد کە ئەوە نیشانەی هەوڵی ئەو هەرێمە بۆ باشتر بوونی پێوەندی لەگەڵ ئێرانە.
سەفەری قەیس سەعید بۆ تاران؛ گرینگ و کاریگەر
قەیس سەعید، سەرۆک کۆماری تونسیش لە ئەو کەسایەتیە گرینگانە بوو کە بۆ ڕێزلێنان لە سەرۆک کۆماری شەهیدی ئێران هاتە تاران. ئەگەرچی ئێران و تونس پێوەندییان داخراو نییە بەڵام پێوەدنییەکی دیپلۆماتیکی تۆکمەشیان نییە. دوو وڵاتەکە هەڵوێستێکی هاوشێوەیان هەمبەر پرسی فەلەستین هەیە و وەکوو یەک هێرشەکانی ئیسرائیلیان ئیدانەیان کردووە. ڕێبەری ئێران لە دیدار لەگەڵ قەیس سەعید بە دەربڕینی خۆشحاڵی لە پێوەندی ئێران و تونس ناوبراوی کەسێکی زانا و زانکۆیی وەسف کرد و وتی کە بوونی ئەو وەکوو سەرۆک کۆمار هەلێکە کە ئەو وڵاتە بێتەوە باوەشی جیهانی ئیسلام و بە باشی خۆی بنوێنێت.
سەفەری وەزیری دەرەوەی میسر بۆ تاران بۆ یەکەم جار
پێوەندی ئێران و میسر لە ساڵی 1358 ەوە تا ئێستا بچڕاوە بەڵام دوای باشتر بوونی پێوەندی ئێران و عەرەبستان، نیشانەگەلێک لە ویستی تاران و قاهیرە بۆ بووژانەوەی پێوەندییەکەیان بینرا و دوای ئەوە ئیبراهیم ڕەئیسی و سیسی لە عەرەبستان دیداریان کرد و هەروەها ئەمیرعەبدوڵڵاهیان و سامح شوکری چەند جار پێکەوە دیدار و گفتوگۆیان هەبوو. ئێستاش وادیارە سەفەری سامح شوکری بۆ تاران لە دریژەی پێوەندی دۆستانە بێت.
سەفەری وەزیری دەرەوەی بەحرەین؛ هەنگاوێک بۆ بووژانەوەی پێوەندی
یەکێکی دیکە لە ئەو بەرپرسانەی کە سەفەرەکەی بۆ تاران زۆر گرینگ بوو، عەبدوللەتیف بێن ڕاشید زیانی وەزیری دەرەوەی بەحرەین بوو. ناوبراو لە حاڵیکدا هاتووەتە تاران کە دوو وڵاتەکە لە ساڵی 1394 ەوە پێوەندی دیپلۆماتیکیان پێکەوە نییە. ئەو سەفەرەش نیشانەی کۆتایی ئاڵۆزی لە پێوەندی تاران و مەنامەیە.
پەیامی سەرەخۆشی، واژۆی تێنووسی بیرهێنانەوە، ڕێزلێنان بە بێدەنگی ڕاگرتن؛ ڕیز لە ئێران و تووڕەیی ئیسرائیل
جگە لە بەشداری بەرپرسانی 68 وڵات، ڕێکخراوی ناوچەیی و جیهانی لە تاران بۆ ڕیزلێنان لە سەرۆک کۆماری کۆچکردوو، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی وڵاتانی دیکەش پەیامی سەرەخۆشیان نارد و یان لە ڕێوڕەسمەکانی باڵوێزخانەکانی ئێران بەشداریان کرد. لە ئەنجومەنی ئاسایش و کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانیش یەک خولەک بێدەنگیان ڕاگرت کە ئەوە بووەتە هۆی تووڕەیی زایۆنیستەکان .