بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند: ئامانجی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دروستکردنی "ناوچەی ئارامە"، تاوەکو بتوانن لە دەرەوەی سنووری تورکیاوە وەڵامی مەترسییەکان بدەنەوە.
وتیشی: گەیشتن بەم ئامانجەش رێگە لەبەردەم زیادکردنی خۆشگوزەرانیی ناوچەکە دەکاتەوە، لەوانەش پرۆژەکانی بواری وزە و رێگەوبان.
سەرچاوەکە وتیشی: داوایان لە شاندی عێراق کردووە ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دروستبکرێت و عێراقییەکانیش بە ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکەیان داوەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنی عێراقی بە ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکەی دیکەی تورکیایان داوەتەوە کە بریتییە لە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگریی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: ئامادەکارییەکان بۆ ئامادەکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بەردەوامە و رێککەوتنەکەشی بە "بەڵگەنامەی چوارچێوەی ستراتیژی" ناوبردووە.
سەرچاوەکە دەشڵێت: دوای واژۆکردنی رێککەوتن و بەڵگەنامەکە، وردەکاری و ناوەڕۆکی ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی هەردوولا بۆ رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر دیاریدەکرێن.
سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی ئەگەری ئۆپراسیۆنی نوێ لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاویندا وتی: "دوایین هێرشەکانی پەکەکە لە دوا خاڵی ناوچەکانی چنگ-قوفڵ (ئاڤاشین، مەتینا و زاپ) ئەنجامدراون، واتە تەنیا یەک بەشی بچووکی ئەوێمان ماوە کۆنترۆڵی بکەین، دوای ئەوەی ئەو بەشەشمان پاککردەوە و دامانخست، ئاسایشی زیاتر بۆ سنوورەکانمان دەگەڕێتەوە.