ئاژانسی هەواڵی مێهر بەشی نێودەوڵەتی، حەلیمە مەڵایی: کاتێک کەسێک لە بنەماڵەیەکی کورد کۆچی دوایی دەکات هەموو خەڵکی ناوچەکەیان و ئەوانەی ناسراوی ئەو بنەماڵەیان دەچنە سەرەخۆشی و ڕێوڕەسمی پرسەکەیان.
ئەم نەریتە تا ڕادەیەک گرینگە و توانیویەتی کاریگەری بکاتە سەر کۆمەڵگای کوردی کە هەندێ جار ئەوانەش دوژمنی بنەماڵەکە یا خودی کۆچکردووەکەن بە بیستنی هەواڵی مەرگ، ڕق و شەڕ و ململانێ وەلاوە دەنن و دەچنە سەرەخۆشی.
ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی کۆچی دوایی کچێکی مەلا مستەفا بارزانی و خوشکی مەسعود بارزانی بە ناوی زەکیا مەلا مستەفا، بڵاو بووە. دەسبەجێ ژمارەیەکی زۆر له سهركرده سیاسییه سوننه و شیعهكانی عێراق بۆ دهربڕینی هاوخهمی گهیشتنه ههولێر بۆ بهشداری له پرسه. ڕێگای پیرمام لە چەند کاتژمێرێکدا قەرەباڵغییەکی زۆری تێکەوت. لە محهممهد حهلبووسی، سهرۆكی حزبی تهقهدوم و ئوسامه نوجهیفی تا دەگاتە عهمار حهكیم و نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق و پەیکی سەرکردە شیعەکان و سەرۆک وەزیر و سەرۆک کۆماری عێراق خۆیان گەیاندە پرسەکەی ماڵی بارزانی.
هاوکات هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش فڕۆکە و ئۆتۆمبێلە جام ڕەشەکانیان بەرەو هەولێر و شارۆچکەی سەلاحەدین تاو دا؛ چ ئەوانەی لە تیمی بارزانیدان و چ ئەوانەش لەگەڵ خاوەن پرسەدا بە خوێنی یەکتر تینوون.
دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان هەوڵیان دا سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی، هەمیشە دوژمن، لەگەڵ یەکتر کۆبکەنەوە و نەیانتوانی، پرسەی خاتوو زەکیا بەرپرسانی کۆکردەوە و جارێکی تر بافڵ تاڵەبانی بردە ماڵی بارزانی.
هاوکات بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی ئامۆزای، کە دوو ساڵە ململانێ توند و شەڕێکی میدیایی بەرفراوان کەوتووەتە نێوانیان لە سەر دەسەڵات و سەرۆکایەتی یەکێتی و ناوبەناو دژی یەکتر هێز دەجووڵێنن، تەنانەت یەکتر بە چاوساغی کردن بۆ وڵاتانی دیکە تۆمەتبار دەکەن، ئێستا لە ژێر میجی ماڵێکدا دانیشتوون.
لە پەیامی سەرەخۆشیدا بۆ مەسعود بارزانی، بافڵ تاڵەبانی سەرکردەی یەکێتی دەڵێت: هیوادارە ئەمە دوایین ناخۆشی "بنەماڵەی سەربەرزی بارزانی بێت" ! لە حاڵێکدا لە میدیاکاندا بەردەوام ئەم دوو بنەماڵە پلار بە یەکترەوە دەگرن و یەکتر بە خەیانەتکار و نیشتمان فرۆشی و کوردفرۆشی تۆمەتبار دەکەن و بە شەڕی زێڕینگەرانەیان ژیانی خەڵکیان خستۆتە ژێر گوشار و سەخڵەتی و لەباری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە خەریکە هەرێمی کوردستان لەناو دەبەن.
ئەمانە کاتێک دەچنە بەغدا یەکتر دەخنکێنن و لای دیکەی نەتەوە ڕەوتە سیاسییەکانی عێراق یەکتر لە قاو دەدەن و پەردە لە گەندەڵی و خەیانەتی یەک هەڵدەدنەوە. هەر ئەمانە کە دێنەوە پیرمام باوەش بە یەکتردا دەکەن! .
خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ئێستا تووشی قەیرانی بێ مووچەیی و بێکاری و گرانی هاتوون چۆن لەمانە تێبگەن؟
ئێستاش بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕوون نەبووەتەوە ئەمانە هاوپەیمانن یان دوژمن؟ کام قسەیان ڕاستە و کامەیان درۆ ؟ ئەو دۆسیانەی لە دزی و گەندەڵی یەکتر ئاشکرای دەکەن ڕاستە یان ئەو پێکەنینەی لە پرسەدا دەیکەن؟
بەهەر حاڵ لە ماوەی ڕابردوودا زۆر کەس هەوڵیان دا بنەماڵە حاکماکانی هەرێمی کوردستان کۆبکەنەوە بەڵکوو چی دیکە دەستەواژەکانی حکوومەتی کاربەڕێکەر و پەرلەمانی ماوە بەسەرچوو لەم هەرێمەدا کۆتایی بێت، بەڵام نەیانتوانی. کەچی دوور نییە ئەمجارە پرسە کوردستان ڕزگار بکات.