بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،حوجەتولئیسلام تەها تەوەکولی لە دیدار لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان وتی: ستراتێژی دوژمن کەمکردنەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانە بەمەبەستی چڕکردنەوەی گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران.
وتیشی: ئامانجی دوژمن لاوازکردنی سیستەمی ئایینی و دەسەڵاتی نەتەوەیی ئێران و لەقاودانی ناکارامەیی ئەو سیستەمە لە خزمەتکردنی خەڵکە و بۆ ئەم مەبەستەش پڕوپاگەندە دەکات تاکوو خەڵک بە کەمی بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنەکاندا .
ناوبراو بەشداریی بەشکۆی خەڵک لە هەڵبژاردنی بە سەرچاوەی بەهێزکردنی بەرەی خۆڕاگری و مایەی دڵخۆشی و هیوای گەلانی ستەملێکراوی جیهان زانی و زیادی کرد: بەشداریی بەرفراوان و بەشکۆی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا ئاسایشی نەتەوەیی دەپارێزێت و دەسەڵاتی وڵات بەهێزتر دەکات و دوژمنەکان بێ هیوا دەبن.
بەرپرسی نوسینگەی نوێنەرایەتی وەلی فەقی لە سوپای بەیتولموقەدەسی کوردستان جەختی کرد کە ستراتیژی سەرەکی ئێمە بە تایبەت میدیاکان دەبێ جیهادێکی بەشدارانە بێت لە هەڵبژاردنەکاندا.
حوجەتولئیسلام تەوەکولی ڕاشیگەیاند: هەموومان ئەرکی ئەوەمان هەیە لە هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمەدا ڕۆڵ ببینین و کەسانی بەتوانا و خەمخۆر وەک نوێنەر بۆ مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و خوبرەکانی ڕێبەری هەڵبژێرین.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە میدیا لە نێو خەڵکدا جێگەی خۆی هەیە و هیچ بەدیلێکی نییە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: خەڵکی کوردستان بە پەرۆش و غیرەتدارن بۆ زێد و ئایینی خۆیان.