وەزارەتی بەرگری تورکیا کوژران‌و برینداربونی ژمارەیەک سەربازی سوپای وڵاتەکەی لەڕوبەڕوبونەوەکانی لەگەڵ  پەکەکە لەناوچە سنورییەکانی نێوان هەرێم‌و تورکیا ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، میدیاى نزیك له‌په‌كه‌كه‌ ده‌ڵێت: لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەزاپ، چەندین سه‌ربازى تورك كوژراون‌و دەستیش گیراوە بەسەر چەکەکانیاندا.

دوێنێ هەینی وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕاگەیەندراوێکى بڵاوكرده‌وه‌و ئاشكرایكرد، لەڕووبەڕوبوونەوەکانیان لەگەڵ پەکەکە لەناوچەکانی ئۆپراسیۆنی چنگ-قفڵ، پێنج سەربازیان کوژراون‌و هەشت سەربازی دیکەش برینداربون.

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا توركیا ئه‌وه‌شى ئاماژه‌ پێكردووه‌، په‌كه‌كه‌ هه‌وڵیانداوه‌ بچنه‌ ناو بنكه‌یه‌كى سه‌ربازیى تورك له‌سنوره‌كانى هه‌رێم‌و توركیاو به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ پێنج سەرباز کوژراون‌و هەشتى دیكه‌ش برینداربوون کە برینی سێ سەربازیان سەختەو سەرجەم بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئه‌گه‌رچى توركیا ئه‌وه‌شى ئاشكراكردوه‌، كه‌ ئه‌وانیش توانیویانه‌ 12 هێزی په‌كه‌كه‌ بكوژن.