"كەسێ جارێ هه‌موو قورئانی خوێندبێ، دەزانێ كه هەر نووسینەوه‌ی سی‌جزمی، ساڵێك دەبا؛ بێرە دیار وەرگێڕانەوەی؛ ئەویش چتو وەرگێڕانێک؟!"

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ماڵپەڕی ماڵی کتێبی کوردی لە زمانی ماجد مەردۆخ رۆحانی نووسەر و قوتابی مامۆستا هەژار نووسیویەتی: خەرمانانی ساڵی ۱۳۶۸ی کۆچی ـ هەتاوی (۱۹۸۹ی ـ ز) بوو كه مامۆستا هەژار ـ هه‌زار دروود و ڕەحمەتی خودا، لەسەر گيانی پاک و ڕۆحی بەرزی ـ بڕياری دا، پاش مێژووەكەی ئەردەڵان، وەرگێڕانی قورئانی پيرۆز به كوردی دەست پێ بكا.

پێشتر زۆرجاران دۆستان و بەردەستانی مامۆستا، بۆ ئەو كاره گەوره و گرانه، لێی پاڕابوونەوە و ڕوویان لێ خستبوو؛ بەڵام هەموو جارێ وەرامی ئەو بلیمەتە هەر ئەوەنده بوو: «كاكه! ئەوە گاڵته نییه.»

بەڵێ ڕاسته تا ئەوڕۆ، زمان و وێژەی كورد ـ له پەخشان و وەرگێڕاندا ـ هاوتای هەژار و بگرە چەند قات لەو خوارتریشی به خۆوه نەدیوه؛ بەڵام «تاها حوسەین» گوتەنی: «قورئان، قورئانە و بەس».

مامۆستا له سەرەتای سەرماوەزی ساڵی ۱۳۶۸ كاری گەوره و گرانی وەرگێڕانی قورئانی بە‌ زمانی كوردی دەس‌‌پێ‌كرد؛ بەڵام چۆن دەس‌پێ‌كردنێک؟! هەموو ڕۆژێ تا سەری شەوان و هەموو شەوێ تا بەری‌بەیان، دەستی، قەڵەمەكەی له ئامێز گرتبوو؛ پێكەوە نووسابوون و بەسەر پەڕی قاقەزاندا سەمایان دەكرد؛ نه وچانێک و نه پشوودانێک. ئەگەر كاتی ژەمەن ئەگەییشت، داده مەعسووم نان و پێخۆرێكی لەسەر قاپێ دادەنا و به هێمنی له پاڵ دەستییەوه دادەنیشت. پاروویەكی چكۆلەی بۆ دەگرت و بەم وێنه چەن پاروویەك نانی دەخوارد؛ ڕاستت دەوێ قەت نەیزانی سوێر بوو یان كەم خوێ، تاڵ بوو یان شیرین، خۆش بوو یان ناخوش!

گەلاوێژی ساڵی ۶۹ هەڵنەهاتبوو، دوایین‌كاری مامۆستا دوایی هات. یانێ كەمتر له نۆمانگ! كەسێ جارێ هه‌موو قورئانی خوێندبێ، دەزانێ كه هەر نووسینەوه‌ی سی‌جزمی، ساڵێك دەبا؛ بێرە دیار وەرگێڕانەوەی؛ ئەویش چتو وەرگێڕانێک؟!

خوێنەری هێژا به خوێندنەوەی تاقەدێڕێكی تێدەگا شتێكی ئاسایی نییه و تاقانەیەكی بەركەتی و جیاوازه. له زۆر شوێنان هەست‌دەكەی فریشتانیش چاویان له دەستی مامۆستا بووه و پا‌ـ‌پا بووگن بزانن پۆشەنی كوردی به بەژنی ئەم ئایەته، چۆن دەڕازێتەوه و له زۆر شوێنان بێ‌شک دەبی تەنانەت خوداش ئافەرینی لێ‌كردووه.

بەڵێ وادیاره مامۆستا، بۆ ئەم ئاخرین بەرهەمەی، له هەموو بیر و زانست و هزر و هەست و ڕۆح و گیانی، جەوهەرێكی پیرۆزی بەرهەم‌هێناوه و له‌سەر قاقەزی ڕشتووه، تا ببێته هۆی مانەوە و هەڵدانەوەی زمانی كوردی و به خۆدا هاتنەوە و شانازی گەلی كورد. بۆیەش وای لێ بەپەله بوو، نەوەك تووشی چورتمێك بێت و كارەكەی ناتەواو بمێنێتەوه.