لەسەرەتای ساڵی 2023وە تاوەکوو کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ تورکیا دەیانجار لەڕێگه‌ی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیکردۆتەسەر ئامانجەکانی لەناوچە جیاجیاکانی سەر بەئیدارەی خۆسەرو دەیان شەڕڤان‌و بەرپرسی ناوچەکە کوژراون.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی بەدواداچون‌و دۆکیۆمێنتکردن لەپێگەی "نۆرس پرێس" لەڕاپۆرتێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، لەسەرەتای ئەمساڵەوەو لەڕێگه‌ی 34 هێرشی درۆنییەوە، تورکیا ناوچەو شارەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریای کردۆتە ئامانج‌و بەهۆیەوە 71 کەس بونەتە قوربانی.

لەڕاپۆرتەکەدا باس له‌وه‌شكراوه‌، قوربانیانی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەو جۆرە بوە، 28 ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات SDFو 17 کەس لەهێزەکانی حکومەت‌و 22 کەسی مەدەنی بون کە 6 ژن‌و دوو منداڵ‌و 4 سەربازی ڕوسیش بونیان هه‌یه‌.

سەبارەت بەو شوێنانەی لەلایەن درۆنەکانی تورکیاوە کراونەتە ئامانج، ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "لەماوەی شەش مانگی ڕابردودا چەند شارێکی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن درۆنەکانی تورکیا کراونەتە ئامانج بەو جۆرە، 13 شوێن لەگوندەواری باکوری حەلەب، چوار شوێن لەحەسەکە، یەکێک لەڕەققەو شەش شوێن لەقامیشلۆ، چوار شوێن لەکۆبانێ، چوار شوێن لەمه‌نبه‌ج، یەک ناوچە لەدێرک‌و یەک ناوچە لەعەین عیسا.