ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: عەزیز ڕەئووف: یەکەم: وەک چۆن پارتی نەخشەداڕێژەری ڕیفرادۆم بوو وە هێزەکانی تر شوێنی کەوتن، ئاواش لە ئێستادا لە گەڕانەوە بۆ بەغداش پارتی خاوەنی ئەم گوتارەیە. دووەم: پاسڤبوونی کۆی هێزەکانی تر و بێ ئاشتبوونەوەیەکی نیشتیمانی، بەتەنیا ئیمزاکردنی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەم ڕێکەوتنە، بێمنەتی یەک هێزی سیاسی دەسەلێمنێ لە کوردستان کە کۆی دەسەڵاتەکانی بەدەستە و کۆی هێزەکانی تر بێدەسەڵات و پاسڤن. سێیەم: ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا و چارەسەکردنی کێشەی دارایی و موچەی خەڵکی کوردستان واتە مانەوەی کۆی داهاتی ناوخۆی کوردستان بۆ دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان. چوارەم: (ئەگەر) کێشەی موچە چارەسەر بکرێت، گوتاری هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەبێت لە ڕەخنەگرتن لە داهات و موچە بگۆڕێت بۆ قسەکردن لەسەر ئازادی و چۆنێتی حوکمڕانی. ئەم ڕێکەوتنە دەبێ گوتاری هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات بگۆڕێ" ئەگەر هوشیاری ئەوەیان هەبێت". پێنچەم: زۆرینەی خەڵکی کوردستان کە پشتیان کردۆتە ئەم جۆرە لە دەسەڵات، لە دۆخێکی وادا تەنها بینەرن. وێنەی خەڵکی کوردستان وەک بینەری ڕووداوەکان و دەستەپاچە بوون لەئاست گەڕانەوە و دوورکەوتنەوە لە بەغدا ئیشکالی گەورەی ئێستای دنیای ئێمەیە. شەشەم: ئەم ڕێکەوتنە کێشە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگەی ئێمە چارەسەر ناکات. پێشتریش موچە لەکاتی خۆی دەدرا و موچەخۆران کێشەیان نەبوو، بەڵام کۆی کەرتەکانی ئێمە کێشەی گەورەیان هەبوو. حەوتەم:ئەم ڕێکەوتنە بێ خوێندنەوەی کۆی کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێمە توانای چارەسەرکردنی ئەم هەموو قەیرانانەی نیە و خۆی قەیران لەو هێزانەدایە کە ئەم ڕێکەوتنە ئیمزا دەکەن و بەم هەموو گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانەوە لێی دەرچن قازانجیانە. هەشتەم: هێشتا سەرەتایە و بەرپرسان لە هەرێم و لە عیراقیش هی ئەوە نین پشتیان پێ ببەسترێت، هێشتا میکانیزمەکانی ئەم ڕێکەوتنە دیار نین و چۆن هێزە سیاسیەکان لە عیراق و کوردستان زیاد لە کەتن و زیاد لە قەیرانێکیان دروست کردووە، دەشتوانن دەستیان هەبێت لە سڕینەوە یان فەرامۆشکردنی ئیمزایەک. نۆیەم: مرۆڤ شەرم دەکات شەش ساڵ لەمەو پێش، ئەو خەڵکە هەڵدەپەڕی بۆ تەڵاقدانی عیراق و ئەنجامدانی ڕیفرادۆم، ئێستا دڵخۆشن بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا. سەردەمی بەعسم بیردێتەوە کە سەدام شەڕی ئیرانی دەکرد دەیوت سەرکەوتین کە لە شوێنەکانیش دەکشایەوە هەردەویت سەرکەوتین. جەماوەری مەڕئاسا نیعمەتێکە خوا بۆ دەسەڵاتدارانی دەدا. دەیەم: تا ئیرادە بۆ خەڵکی کوردستان نەگەڕێتەوە، تا تاکی کوردی نەتوانێ سنور بۆ تەماح و تاکتیکی دەسەڵاتداران دابنێ، ئیمزای دوو کارەکتەر یان دوو هێز هیچ لە دنیای ئێمە ناگۆڕێ. ڕەنگە لەکانی خۆیدا بتوانرێت موچە دابەش بکرێت، بەڵام قەیرانەکانی تر لە دنیای ئێمەدا ئامادەییان هەیە و دەسەڵات کار لەسەر بێدەنگکردنی خەڵک و هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش خاوەنی دنیابینیەکی نوێ نین بتوانن بە دنیایەکی تر و سەرزەمینێکی تر ئاشنامان بکەن.
ژێدەر: شارپرێس