هەنگاوی باش نراوە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی فیدراڵی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بەهەناردەکردنی نەوتی هەرێم.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، كورد چه‌ند پۆستێك له‌ناو كۆمپانیاى سۆمۆ وه‌رده‌گرێت‌و په‌رله‌مانتارێكى كوردیش له‌به‌غدا زانیاریی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.

نەهرۆ ڕواندزی جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت‌و گاز لەپه‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایكرد، "وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بەبونی نوێنەری کورد لەکۆمپانیای سۆمۆ ڕەزامەندی نیشانداوە، کە چەند پۆستێک بە کورد دەدرێت، لەوانە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ".

ده‌شڵێت: "هەنگاوی باش نراوە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی فیدراڵی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بەهەناردەکردنی نەوتی هەرێم، هەردوو حکومەتی فیدراڵ‌و حکومەتی هەرێم لەسەر چەندین خاڵ ڕێککەوتون، یەکێک لەو خاڵانەش ئه‌وه‌یه‌ نوێنەرێکی کورد لەکۆمپانیای سۆمۆ دەبێت پاڵپشت بەهەردوو مادەی 111و 112ی دەستوری عێراق کە ماف بەهەرێم دەدات لەپرۆسەی نەوتی عێراقدا بەشداربێت‌و نوێنەری هەبێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاریی ئاشكراكردوه‌و وتویه‌تى: "وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بەبوونی نوێنەری کورد لەکۆمپانیای سۆمۆ ڕەزامەندی نیشانداوە، کە چەند پۆستێک بەکورد دەدرێت، لەوانە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ".

ڕواندزی ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "لیژنەیەک لەچوار کەس پێکدەهێنرێت دوو کەسیان لەوەزارەتی نەوتی عێراق‌و دوو کەسی دیکەشیان لەهەرێم دەبێت، ئەو لیژنەیە تایبەتە بەشێواز و میکانیزمەکانی چۆنێتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم‌و نرخەکەی، بەڵام دەبێت نرخەکەی هەمان نرخی سۆمۆ بێت، هەروەها بانکی ناوەندیی عێراقی هەژمارێک بۆ داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەکاتەوە کە تایبەتە بەو بڕە نەوتەی لەهەرێم دەفرۆشرێت‌و بریتییە لەفرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا".

نەهرۆ ڕواندزی باسى له‌وه‌شكرد، "ئەو هەژمارە لەژێر دەسەڵات‌و کۆنترۆڵی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەبێت یان لەژێر دەسەڵاتی کەسێک دەبێت کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕادەسپێردرێت، کە ئەویش مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەکات کە نەوتی هەرێم دەردەهێنن، بەمەش تەواوی داهاتی ئەو نەوتەی لەهەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت لەژێر کۆنتڕۆڵی هەرێم دەبێت، لەدوو ڕۆژی داهاتوش ڕێککەوتنی هەولێرو بەغدا لەبارەی پرسی نەوت‌و گاز ڕادەگەیەندرێت".