هاوپەیمانی میللەت کە شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لەخۆدەگرێت، لەسەر دیاریکردنی کەمال قلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا و رکابەری رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رێکەوتن. 

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەکۆبونەوەی شەش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکەی تورکیا کە هاوپەیمانێتیەکیان لەژێرناوی (میللەت) پێکهێناوە، رێکەوتنی کۆتاییان لەسەر کەمال قلیچدار ئۆغلو واژۆکرد تاوەکو ببێتە رکابەری ئەردۆغان لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە بڕیارە 14ی (ئایار/5)ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

لەدوای کۆبونەوەی شەش لایەنەکە، تەمەل قەرامۆل ئۆغڵو سەرۆکی پارتی سەعادەت لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، "بەکۆی دەنگ بڕیارماندا کەمال قلیچدارئۆغڵو وەک تاکە کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رابگەیەنین".

دواتر کەمال قلیچدارئۆغڵو وتەیەکی پیشکەش کرد وتی، "سەرکردەکانی پێنج پارتەکەی دیکە دەبنە جێگری سەرۆکی هاوپەیمانێتی میللەت و دەرگای هاوپەیمانیەکەشمان کراوەیە بۆ هەمو ئەوانەی هاوبەشی خەونی تورکیای هاوبەشن".

تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە تاکە پارتی کوردی بەهێزە لە تورکیا، بەشداری لە هاوپەیمانێتی میللەت نەکردوە، سەرەڕای ئەوەی لەرابردودا ژمارەیەک کۆبونەوەش لەنێوانیان ئەنجامدراون، بەڵام تا ئێستا هەدەپە سورە لەسەر بەشدارینەکردن لەو هاوپەیمانێتیە.