بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەمڕۆ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، بانگەواز ئاڕاستەی هەمو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکات بۆ وەلانانی جیاوازییەکان و کارکردنی پێکەوەیی لەم قۆناغەدا بۆ هاوکاری زیانبەرکەوتوانی بومەلەرزەکە چونکە دەسەڵات بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە، ئەو کاری پێکەوەیەش بەمەبەستی "رزگارکردنی گەلەکەمان"ە و، لەو پێناوەشدا داوای پاڵپشتی لە هەمو حزبەکانی دیکە و رێکخراو و رێکخستنەکان دەکەن.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لەم کاتەشدا بۆ بەهانەوەچونی زیانبەرکەوتوانی بومەلەرزەکە، داوا دەکەن هەمو شارەوانییەکان، مانگی سوری تورکیا و هەمو تیمە فریاگوزارییەکان و هاوڵاتیان لە هەمو شار، گەڕەکەکان، و گوندەکان بەگوێرەی توانا هاوکاری کۆبکرێتەوە، داواش دەکەن ناوەندەکانی هەماهەنگی لەهەمو تورکیا دروستبکرێن و ئەو هاوکاریانە بگەیەنن بەشوێنی مەبەست.
هاوسەرۆکی پێشوتری (هەدەپە) دەڵێت، ئەگەر دەوڵەت، هاوڵاتیان، حزب، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمپانیا گەورەکان نەتوانن بەتەواوی هاوکاری زیانبەرکەوتوان بکەن، ژمارەی قوربانییەکان 100 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت، ئەگەر هاوکارییەکانیش زیاتر دوابکەون "کارەسات" دروست دەبێت، بۆیە پێویستە ناکۆکییەکان بخرێنەلاوە و لە مرۆڤایەتیدا پێویستە هەموان یەکبگرین.