وەزیری دەرەوەی ئێران لە پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان وێڕای ئیدانە کردنی ئەو ڕووداوە لە باڵوێزخانەی ئازەربایجان، وتی: نابێت ئیزن بدەین کە ئەو ڕووداوە لەسەر پێوەندییەکانی دوو وڵاتەکە کاریگەری نەرێنی دابنێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ جەیحون بایرامۆف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان، سەبارەت بە ڕووداوی هێرشی چەکداری بۆ سەر باڵوێزخانەی ئازەربایجان لە تاران گفتوگۆی کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای ئیدانە کردنی ئەو ڕووداوە بە ئاماژە بە کەڵکوەرگرتنی ئاوەژۆی دوژمنانی دوو وڵاتەکە لە ڕووداوەکەی ئەمڕۆ جەختی کرد: نابێت ئیزن بدەین کە ئەو ڕووداوە کاریگەری نەرێنی لە سەر پێوەندییەکانی دوو وڵاتەکە هەبێت و جەختی کرد کە ئێران هەموو هەوڵی خۆی لە بواری شوێنگیری ئەمنیەتی و دادوەری دۆسیەکە دەخاتە گەڕ.