بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە چەند رۆژی رابردوودا شاندی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یەکێتی له هه‌ولێر کۆبوونەتەوە و بڕیاریان له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی چه‌ند پاكێچێك داوه له‌وانه‌ی گۆرینی وه‌زیر و بریكاره‌كان.
به‌پێی زانیارییه‌كان، هەردوولا رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر گۆڕانکارییە حکومیی و په‌رله‌مانیه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە له پشكی یه‌كێتی ده‌گۆڕدرێت و لە شوێنه‌كه‌ی کەسێکی دیکە داده‌نرێت، له‌گه‌ڵ گۆڕینی ژماره‌یه‌ك بریكار وه‌زیر.
له‌به‌رامبه‌ریشدا له پشكی پارتی پشتیوان سادق وه‌زیری ئه‌وقاف ده‌گۆڕدرێت و ئه‌حمه‌د كانی جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سێ په‌رله‌مانتاری پارتی و شوێنگرتنه‌وه‌یان په‌سه‌ند ده‌كرێت، كه یه‌كێكیان هێمن هه‌ورامی جێگیری سه‌رۆكی په‌رله‌مانه.
هەنگاوی یەكەمی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەو دوو حزبە شكاندنی بایكۆتی ئەنجومەنی وەزیران بوو لەلایەن وەزیرەكانی یەكێتیەوە، كە دوێنێ چوارشەممە، به‌شێك له وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی به‌شداری دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیان كرد، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه دێت له كۆبونه‌وه‌ی پێشوودا كه حه‌وتی مانگ به‌ڕێوه‌چوو، هیچ وه‌زیرێكی یه‌كێتی به‌شداری نه‌كردو میدیای یه‌كێتی راگه‌یاندبوو تا نیگه‌رانیه‌كانیان نه‌ڕه‌وێنرێنه‌وه به‌شداری دانیشتنه‌كان ناكه‌ن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/12/2022، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە و پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکات.