بافڵ تاڵه‌بانى هۆشدارى به‌پارتى ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌ئێستا به‌دواوه‌ كێشه‌و كه‌موكوڕیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌غداوه‌ ڕاستده‌كه‌ینه‌وه‌."

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شه‌وى ڕابردوو دواى كۆتاییهاتنى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار، بافڵ تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵ فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق كۆبۆوه‌، دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ تۆمارێكى ده‌نگى تاڵه‌بانى دزه‌ى پێكراو بڵاوبۆوه‌، و نێوان پارتی و یەکێتی تێکداوەتەوە.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكى یه‌كێتى به‌ په‌رله‌مانتاره‌كانى ده‌ڵێت:"ئه‌م چه‌ند مانگه‌ زۆر قورس بوو بۆ یه‌كێتى، نه‌یارو دوژمنه‌كانمان شه‌ڕێكى عه‌جایبیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌ستپێكردبوو، ئه‌وه‌ش شه‌ڕى ئیراده‌ بوو، چونكه‌ ئه‌وان زۆر هه‌ڵه‌ له‌م یه‌كێتیه‌ى ئه‌مڕۆ تێگه‌یشتبون، وه‌ك پێشتریش وتبومان، چه‌ند كاندید بهاتایه‌ به‌رامبه‌ر كاندیده‌كه‌ى ئێمه‌ دڵنیابن ده‌مان شكاندن‌و ده‌مانخستنه‌سه‌ر ئه‌ژنۆ".

له‌به‌شێكى قسه‌كانیدا تاڵه‌بانى ده‌ڵێت:"سه‌ره‌تا كاك هۆشیاریان هێنا شكاندمان، ئه‌و براده‌ره‌ى تریشیان هێنا كه‌ تائێستا ناوى فێرنه‌بو ئه‌ویشمان شكاند، به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ركێیه‌كى تریشیان بهێنایه‌ هه‌ر ده‌مان شكاند، بۆیه‌ باوه‌ڕ به‌ڕاگه‌یاندن‌و ئه‌و قسه‌ قۆڕانه‌ مه‌كه‌ن كه‌ لێره‌و له‌وێش باسده‌كرێن".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ش یه‌كێتى تا پێش هه‌ڵبژاردنى د.له‌تیف ڕه‌شید-یش جه‌ختیكردۆته‌وه‌ ته‌نها كاندیدیان د.به‌رهه‌م ساڵحه‌، تاڵه‌بانى ئه‌وه‌ى ڕه‌تكرده‌وه‌و وتى:"ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ بزانن كاك له‌تیف ڕه‌شید كاندیدى كێیه‌، بڕۆن سه‌یرى نوسینه‌كانى شاناز خان بكه‌ن، ئه‌وكات سور بۆتان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كاندیدى كێیه‌، به‌ڵێ ڕاسته‌ ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتى دوو كاندیدمان هه‌بوه‌، به‌ڵێ ڕاسته‌ دوو ڕه‌ئى جیا هه‌بوو له‌ناو یه‌كێتى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ بیزانن ئه‌وه‌یه‌ سیاسه‌ته‌كه‌ى یه‌كێتى له‌م پرسه‌دا ڕاست‌و دروست بوو".

هه‌روه‌ك سوربونى خۆى له‌سه‌ر بۆچونه‌كانى نیشانداو به‌په‌رله‌مانتارانى حزبه‌كه‌ى ڕاگه‌یاند، هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌ى له‌به‌غدا په‌یڕه‌وى كردوه‌ به‌رامبه‌ر پارتى، به‌هه‌مانشێوه‌ له‌كوردستانیش كارى پێده‌كات، ئه‌و وتى:"لێره‌وه‌ به‌ڵێنێكتان ده‌ده‌مێ، هیچكات هیچ شتێك له‌یه‌كێتى نابه‌نه‌وه‌ نه‌یاره‌كانمان، ئه‌مجاره‌ چۆن له‌به‌غدا شكاندمانن، ئه‌مجاره‌ بێته‌وه‌ له‌كوردستانیش ده‌یانشكێنین، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ڕاستده‌كه‌ن‌و ئه‌گه‌ر حزبن‌و به‌ئێمه‌ ده‌وێرن‌و ئه‌گه‌ر ده‌توانن شه‌ڕى یه‌كێتى بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ڕاستده‌كه‌ن با بێنه‌ پێشه‌وه‌و داواكارى هه‌موو حزبه‌كانى كوردستان جێبه‌جێبكه‌ن یاسایه‌كى تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردن دابنێین‌و دواتر كێشه‌كانى كۆمسیۆن چاره‌سه‌ربكه‌ین‌و هه‌ڵبژاردنێكى پاك بكه‌ین له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان، ئه‌وكات بۆتان ده‌ره‌كه‌وێ یه‌كێتى كێیه‌، ئه‌وانیش ئه‌وكات ده‌زانن وه‌زن‌و حه‌جمیان به‌رامبه‌ر یه‌كێتى چه‌نده‌و چۆنه‌".

سه‌رۆكى یه‌كێتى ئاشكرایكرد، "ده‌مه‌وێ شتێكى نوێتان پێبڵێم، به‌رنامه‌مان هه‌یه‌، باره‌گایه‌كى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى له‌شارى به‌غدا بكه‌ینه‌وه‌ به‌هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه‌و منیش هه‌ڵبژێردراوم بۆ ئه‌م ئیشه‌، زوو له‌به‌غدا ئه‌بم‌و زووش ماندوتان ده‌كه‌م‌و بێزارتان ده‌كه‌م".

ئه‌وه‌شى وت:"ئیشى ئێمه‌ له‌به‌غدا تازه‌ ده‌ستپێده‌كات، ئێمه‌ له‌سه‌روبه‌ندى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراقداین‌و سه‌ره‌تا بۆ پۆسته‌كانى خۆمان له‌م حكومه‌ته‌ كارده‌كه‌ین، له‌هه‌موى گرنگتر ئه‌وه‌ بزانن، هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕیه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لێره‌وه‌ چاكده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و به‌رنامانه‌ى هه‌مانن جێبه‌جێیان ده‌كه‌ین‌و لێره‌وه‌ له‌به‌غداوه‌ كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌شوێنێكى كه‌ خۆمان ده‌زانین ئه‌و كوردستانه‌ كه‌ ده‌توانێت چۆن بێت".

له‌كۆتایی قسه‌كانیدا تاڵه‌بانى ئه‌وه‌ى به‌په‌رله‌مانتاره‌كانى وت:"سه‌رتان به‌رزبێت، پارتى به‌هه‌موو هێزیه‌وه‌ ویستى بتانشكێنێ، به‌ڵام نه‌یتوانى نقورچێكیشتان لێبگرێت، هه‌ركێیه‌كیان هێنا ئێوه‌ شكاندتان، ئاخر شت ته‌سلیم بون‌و وتیان كاكه‌ ئێمه‌ ئه‌مه‌یان هه‌ڵده‌بژێرین (مه‌به‌ست له‌د.له‌تیف ڕه‌شیده‌)".