مانگی سووری کوردستانی سووریا داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد تا ناوچەی قەدەغەی گەشتی ئاسمانی لە ئاسمانی باکووری سووریا ڕابگەیێنێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حەسەن ئەمین، هاوسەرۆکی مانگی سوور لە کوردستانی سووریا داوای لە ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان کرد تا خێرا، پاڵپشتی و یارمەتییە بەپەلەکانی خۆیان لەوانە دەرمان و جیهازاتی پزیشکی بگەیێننە دەستی خەڵکی باکووری سووریا.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن مانگی سوورەوە لە قامیشلۆ خوێندرایەوە داوا لە کۆمەڵگای جیهانی کرا بۆ ڕێگری لە کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی خەڵکی ئەو ناوچە ڕێگری بکەن لە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر باکووری سووریا و لەسەر ئاسمانی ناوچەکە قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیێنن.

بە پێی ڕاپۆرتی مانگی سووری کوردستان زیاتر لە 100 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە کەمپەکانی باکووری سووریا ژیان دەکەن و لەگەڵ نەبوونی ئامێر و جیهازاتی تەندروستی و پزیشکی بەرەوڕوون.