جێژنی قوربان گەرچی لە هەموو ناوچە موسوڵمان نشینەکان گرینگایەتی تایبەتی هەیە بەڵام لە کوردستاندا جگە لە قوربانی کردن، هەندێ ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەبەن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگ؛جێژنی قوربان یەکێک لە جێژنە گرینگەکانی موسوڵمانەکانە و لە هەموو وڵاتە ئیسلامییەکاندا گرینگی پێ ئەدرێت و هەمووان لەم ڕۆژەدا پاش جێبەجێ کردنی ڕێوڕەسمەکان و نوێژی جێژن، سەردانی ماڵی یەکتر دەکەن و جێژن و شادی بەڕێوە دەبەن.

قوربانی کردن لەم ڕۆژەدا بۆ هەمووان پێویست نییە و تەنیا بۆ حاجییەکانی کەعبە واجبە بەڵام زۆربەی موسوڵمانان لە هەموو جیهان لەم ڕۆژەدا قوربانی دەکەن و گۆشتی قوربانی لە نێوان هەژاراندا دابەش دەکەن.

قوربانی کردن و دابەشکردنی گۆشت و خواردن لە نێو هەژاران

قوربانی کردن و دابەش کردنی گۆشت لە نێوان ئەو کەسانەی پێویستییان پێیە و هەروەها دراوسێی دوور و نزیک یەکەمین نەریتێکە کە خەڵکی کوردستان لە جێژنی قوربان لە شار و گوندەکان بەڕێوەی دەبەن.

خەڵکی کوردستان پێیان وایە خواردنی گۆشتی قوربانی بەرەکەتی هەیە و تەنانەت خاوەنی قوربانییەکەش لەم بەرەکەتە بێ بەش نابێت.

دەف نەوازی و خوێندنی مەولوودنامە و قەسیدەی بوردییە لە دیکەی ئەو سونەتانەیە کە ڕۆژی جێژنی قوربان لە کوردستان بەڕێوە دەچێت بەڵام بەداخەوە ئەم دوو ساڵەی دوایی بە هۆی تەشەنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم ڕێوڕەسمانە بە باشی جێبەجێ ناکرێن و کەم بوونەتەوە.

لە مزگەوتەکان بە جەماعەت نوێژی جەژن دەکرێت

پاش خوێندنی نوێژی جێژن، خەڵک داوای گەرن ئازادیی لە یەکتر دەکەن و هاوڕێ لە گەڵ ماموستای مزگەوت سەردانی ماڵی ئەو کەسانە دەکەن کە ئەم دواییانە خزم و کەسیان مردوون و هاودەردییان لە گەڵ دەکەن و دڵخۆشیان دەکەن.

سەردانی نەخۆشانیش لە ڕۆژی جێژنی قوربان لە دیکەی داب و نەریتە پێشینەکانی شارەکانی کوردستان بە تایبەت گەڕەکە کۆنەکانە. گەرچی بە بۆنەی دۆخی کۆرۆناوە وەکوو پێشوو ئەم نەریتانە جێبەجێ ناکرێت بەڵام هێشتا بۆ خەڵک گرینگە و هەوڵ ئەدەن بیپارێزن.

بەسەر کردنی کەسوکار

پێشتر میوانداری گەورەکانی بنەماڵە و گەرن ئازایی کردن لە یەکتر زۆر باو بوو و هەر ئێستاش سەردانی گەورەکانی بنەماڵە و پیکەوە خواردنی نانی چاشت و نیوەڕۆ کە زیاتر ئاوگۆشت و قاورمە بە گۆشتی قوربانییە لە دیکەی تایبەتمەندییەکانە کە ڕەنگ و بۆنێکی تایبەتی بە جێژنی بنەماڵەکانی شار و گوندی کوردستان داوە.

پێشکەش کردنی جێژنانە بە تازە بووکان لە لایەن بنەماڵەی زاوا لە دیکەی نەریتەکانی جێژنی قوربان لە کوردستانە کە ئەمڕۆکانە لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگا هەر ماوە و پارێزراوە و وەکوو ئەرکێک چاوی لێ دەکرێت.