سەرۆک وەزیرانی سوید دەڵێت وڵاتەکەی بۆ ڕازی کردنی تورکیا، یاسای دژی تیرۆریزم چاکسازی دەکات کە لە ڕوانگەی تورکیاوە ئەبێت لە درێژەی ڕووبەڕوو بوونەوەی کوردەکان و پەکەکە بێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەگدالنا ئاندرسۆن، سەرۆک وەزیران سوید لە دیدار لەگەڵ ینس ستۆلتنبرگ، ئەمینداری گشتی ناتۆ ڕایگەیاند وڵاتەکەی نیگەرانییەکانی تورکیا سەبارەت بە تیرۆریزم زۆر جیدی وەردەگرێت و ئەبێ ئەو بابەتە چارەسەر بێت.

تورکیا بەهۆی ئەوەی کە پاڵپشتی سوید و فەنلاند لە کوردەکان و پەکەکە وەسفی دەکات ڕێگری کردووە لە بەئەندام بوونی ئەوان لە ناتۆ. مەبەستی تورکیا لە شەڕ دژی تیرۆریزم بەرەنگار بوونەوەی پەکەکە و لایەنگرەکانی لە ئەورووپایە.

ئاندرسۆن وێڕای ڕاگەیاندنی هەناردە کردنی چەک لەلایەن سویدەوە بۆ تورکیا، وتی: ئەو وڵاتە خەریکی گۆڕینی یاساکانی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزمە.