کارناسانی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکانی خۆیاندا هەندێ لە کردەوەکانی تورکیا لە عەفرینیان نموونەی ڕاستەقینەی تاوانی شەڕ زانیوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گوێرەی گۆڤاری نوردیک مانیتۆر، کارناسانی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەبارەت بە دۆخی سووریا لێکۆڵینەوە دەکەن، هۆشداریان داوە هەندێ لە کردەوەکانی هێزە پێوەندیدارەکان بە تورکیا وەکوو داگیرکردنی ماڵ و سامان، ئەشکەنجە و دەرکردنی کوردەکان نموونەی راستەقینەی تاوانی شەڕە.

کارناسانی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای ئاماژە بەوەی کە ئەو هێزانە لە ژێر دەسەڵاتی تورکیا دان، هۆشداریان داوە ڕەنگە تورکیا بە تاوانی شەڕ تۆمەتبار بکرێت.

بە پێی راپۆرتی ئەو کارناسانە، زۆربەی تاوانەکانی هێزەکانی ژێردەستی تورکیا لە باکووری سووریا و لە عەفرین و سەرێکانی رووی داوە کە تاکوو پێش ساڵی ٢٠١٩ لە ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردەکانی سووریا بووە.

هەروەها داکۆکی کراوە هەندێ کەسایەتی و رێکخراوەکانی دەوڵەتی تورکیا لەم تاوانانەدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەشدار بوون.