دوای سێ ڕۆژ لە ڕفاندنی ئەو گەنجانەی سنوری برادۆست لەلایەن سوپای توركیاوە تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

ئەمڕۆ، سێ ڕۆژ بەسەر ڕفاندنی ئەو 12 هاوڵاتییەدا تێدەپەڕێت كە لەكاتی ڕۆشتنیاندا بۆ كردنی گژوگیای بەهارە لەلایەن سوپای توركیاوە تەقەیان لێكرا و دەستگیركران، بەڵام تائێستا چارەنوسیان نادیارە و هیچ زانیارییەكیش لەبارەیانەوە بڵاونەكراوەتەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو ١٢ هاوڵاتییەکەی برادۆست وتی: فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەتی توركیا لەسەر هێڵن و بەدواداچوون بۆ دەستگیركردنی ئەو هاوڵاتیانە دەكەن.

ئێوارەی ١٥ ی ئەم مانگە، ژمارەیەك هاوڵاتی بە مەبەستی كردنی گژوگیای بەهارە سەردانی ناوچە شاخاوییەكانی ناوچەی برادۆستیان كرد، بەڵام لەلایەن سوپای توركیاوە كە لەو ناوچەیە بارەگایان هەیە تەقەیان لێكرا و ئەسپەكانیان كوشتن و 12 كەسیشیان دەستگیركردن و بەشیچكیشیان هەڵهاتن.