بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە کە شاندەکە لەلایەن محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا سەرۆکایەتی دەکرێت و لە هەولێر لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبونەوتەوە.
لەکۆبونەوەکەشدا جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەی هەردولا کاربکەن بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی لە دەروازە سنورییەکاندا بونیان هەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە دواى خوێندنەوەی تەواوی خاڵەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی هەردولا و خستنەڕوی سەرنجى ئامادەبوان لە پێناو بەرەوپێشبردنی جوڵەى بازرگانی و ئابوری نێوان هەرێمى کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆبونەوە گەیشتە چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەک کە بڕیارە لەم نزیکانە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردولا واژۆبکرێن.
پارێزگاری هەولێر لەبارەی کۆبونەوەکە رایگەیاندوە، "گەیشتین بە ڕەشنوسی ڕێککەوتنێک کە پێکهاتوە لە 16 خاڵ لەنێوان هەردو پارێزگا بۆ پەرەپێدانی پتری پەیوەندییە کەللتوری، هونەری، ئابوری، بازرگانی، زانستی نێوان زانکۆکانی هەولێر و ئورمیە و باشترکردنی جوڵەی بازرگانی لە هەردو دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەران و تەمەرچین".