بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالی مێهر، فواد حسێن لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وتی: پێوەندی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ عێراق بۆ ئێمە گرینگە. عێراق ڕۆڵی گرینگی لە وتووێژەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان بوو و هیوادارین خولی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەڕێوە بچێت.
ئەو وتیشی: ئێمە داکۆکی دەکەینە سەر گەشەی پێوەندی ئێران و عێراق لە بوارە جۆربەجۆرەکانی فەرهەنگی، ئایینی، ئابووری و جوغرافی. لە سەر پرۆژەگەلی جۆراوجۆر باسمان کردووە و درێژە بە وتووێژەکانمان ئەدەین.
ناوبراو سەبارەت بە دۆسیەی سەردار قاسم سولەیمانی وتی: دەزگای دادی ئێران و عێراق لەم دۆسیەدا هاوکاری دەکەن و کۆمیتەهایەکی هاوبەش پێک هێنراون کە هیوادارین شوێنگیریەکەیان بە ئەنجام بگات.
فواد حسێن سەبارەت بە رۆڵی عێراق لە پێک هێنانی پێوەندی لە نێوان ئێران و ئەمریکاش وتی: پێوەندی ئەم دوو وڵاتە بابەتێکی دەرەکی نییە بەڵکوو مژارێکی ناوخۆییە. کێشە و ئاڵۆزی ئێران و ئەمریکا کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر دۆخی سیاسی عێراق دەبێت و چارەسەر کردنی کێشەکان لە سەر عێراقیش کاریگەری ئەرێنی دادەنێت.