پەرلەمانتارێکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا جەختی کرد کە ئەبێ ڕیشەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لە پرسی ئابووری و بژیوی ژیانی خەڵکدا بدۆزرێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، گرووپی نێودەوڵەتی: لەم دواییانەدا شارەکانی هەرێمی کوردستان لەوانە پارێزگای سلێمانی نارەزایەتییەکی بەربڵاوی بەخۆیەوە بینی. ئەو ناڕەزایەتییانە بە خۆپیشاندانی مەدەنی خوێندکاران لە شارە جیاجیاکانی هەرێم بۆ وەرگرتنی دەرماڵە دەستی پێکردووە و دزەی کردووەتە ناو چینە جیاجیاکانی خەڵکەوە.

ئەو ناڕەزایەتیە خوێندکارییانە دوای چەند ڕۆژ بووە ناڕەزایەتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی زۆری بێکاری، نەبوونی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، توندروستی و ناخۆشی ژیانی خەڵک و هەروەها تووڕەیی خەڵکی لە دۆخی خراپی ئابووری هەرێمی کوردستان پیشان دا.

لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستاندا خەلک داوای دەست لەکار کێشانەوەی پارتە دەسەڵاتدارەکان لەوانە دوو بنەماڵەی "بارزانی و تاڵەبانی" یان کرد.

بۆ لێکدانەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان و باس لە سەر هۆکارەکانی شڵەژان و ناڕەزایەتی ئەم دواییەی خەڵک لە دەڤەری سلێمانی و هەولێر هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر لە گەڵ هاوڕێ مەلا ستار نوێنەری پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دیمانەیەکی ساز داوە کە پۆختەکەی لە خوارەوە هاتووە.

بۆچی ناڕەزایەتی لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوەتەوە؟

لە ڕاستیدا من پێم وایە پێوەندی بە شێوازی حکومڕانی و نادادپەروەریە لە هەرێمی کوردستان. ئێمە بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان ئێستا لە ئاستێکداین کە چینی مامناوەند نەماوە. لە هەر کۆمەڵگایەکدا چینی مامناوەند کەم بووەوە یان نەما، ئیدی هەموو بابەتەکان دەشێوێندرێت. کاتێک تەنیا دوو جین مایەوە واتا چینی هەژار و چینی سەرمایەدار، ئەو کۆمەڵگا شێواوە. چینی مامناوەند هەمیشە لە کۆمەڵگاکان بنەمای ڕاگیرانی شیرازە کۆمەڵایەتی و سیاییەکان و هەموو ئەو بابەتانە بووە. بەڵام ئێستا خەڵکێکی زۆر زۆر هەژارمان هەیە لە هەرێمی کوردستان، لە بەرانبەریشدا خەڵکانێکی سەرمایەداری زۆر زۆر قەبارە گەورە بە داهاتێکی زۆرمان هەیە کە ئەمە بۆ خۆی وائەکات کە خەڵک ناڕازی بێت و یەکێکە لە ئەو هۆکارانەی کە خەڵک بڕژێتە سەر شەقامەکان. بەتایبەت چینی خوێندکار کە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان هاوکاری باش ئەکرێن و کارئاسانیان بۆ ئەکرێت ئەو چینە گەنجە خوێندکارەن کە لە پەیماناگا و زانکۆکاندان بۆ ئەوەی کە ئایندەی وڵات لەدەستی ئەواندایە بۆ ئەوەی کە بتوانن درێژە بە داهاتووی ولاتەکەیان بدەن بەڵام بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە هەموو چین و توێژەکان پەراوێز خراون و لە ناویاندا خوێندکاران کە چینێکی گرینگی کۆمەڵگان ئەوەیان بۆ نەکراوە واتا گرینگیان پێ نادرێت بۆیە خۆپیشاندانەکان دروست بووەتەوە.

داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕوون نەبوونی داهاتەکانی هەرێم کێشەیەکە کە تا ئێستا چارەسەر نەبووە. هەندێ لە سەر ئەو بروایەن کە داهاتەکانی هەرێم ئەدزرێت و حزبەکان و بنەماڵە کان دەیبەن، ڕای ئێوە چییە سەبارەت بەوەی کە نەوتی هەرێم 12 دۆلار لەبازاڕ هەرزانتر و تێچوەكەشی 3 ئەوەندەی وڵاتانە بۆ ئەم تاڵان فرۆشیە ئەکرێت؟

ئێمە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و من بۆ خۆشم لەگەڵ هەڤاڵانم هەستاین بۆ کۆ کردنەوەی واژۆ لە پەرلەمان بۆ ئەوەی کە سەرۆکی حکومەت بانگهێشتی پەرلەمان بکەین و بێت باس لە پرۆسەی نەوت بکات، لەوانە دەرهێنانی نەوت، فرۆشتنی نەوت، لە گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت، لە کۆمپانیاکانی سێکۆریتی، لە بەر ئەوەی لە هیچ یەکە لە ئەم بابەتانە ڕوونکارییەک نییە، ئەتوانین بڵێین داهاتی نەوت نەک هەر بۆ بنەماڵەیەک دەڕوات لە هەرێمی کوردستان بەڵکوو ڕەنگە بۆ چەند کەسێک لە بنەماڵەیەک بڕوا، واتا ئەوەندە کورت کراوەتەوە کە چەند کەسایەتییەکی زۆر کەم هاتوون ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێ کردووە، نەک ئەو نەوتەی کە ئێستا دەرئەهێنرێت و ئەفرۆشرێتەوە بەڵکوو قسە لەسەر ئەوەش هەیە کە ڕێککەوتنێکی 50 ساڵە کرابێت، کە ئەمە بۆ خۆی دیسانەوە یەکێک لە ئەو بابەتانە کە زۆر قسە هەڵئەگرێت و هیچ شەفافیەتێکی تێدا نییە و ئێمەش بۆ خۆمان زۆرترین قسەمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە.

هەندێ جار هەواڵ و زانیاری لە سەر داهاتی بنەماڵەی بارزانی و‌ کردنەوەی کۆمپانیا لە ئەورووپا و ئەمریکا و کرینی ڤیلا و‌کۆشک لە وڵاتانی ئەورووپی بڵاو دەبێتەوە، ئەم کارانە لە گەڵ هیچ دروشمێکی ئەوان یەکناگرێتەوە، لەمبارە ڕای ئێوە چییە؟

ئەو بابەتە بەتایبەت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکییەوە ورووژێندرا و سەرۆکی حکومەتی تێدا تۆمەتبار کرا کە کۆشکێکی لەوێ کڕیوە بایی 18 ملیۆن دۆلار، من بۆ خۆم لە سەری قسەم نەکردووە بە حکومی ئەوە پێم وایە 18 ملیۆن دۆلار، پەرداخێکە لە دریایەک واتا ڕەنگە زۆر زۆر کەم بێت، ڕەنگە پارەیەکی زۆر کەم بێت، ڕەنگە زۆر کەس لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە حزبە سیاسیەکان و حکومڕانیەتی هەرێمی کوردستان ئەوە داهاتی مانگێک یان دوو مانگیان بێت. ئێستا با لە هەر ڕێگایەکەوە بێت ئەوەندەیان کۆ کردۆتەوە کە ئەوە هەر هیچ نییە. بەڵام بۆم ڕوونە هەندێک کەس و بنەماڵە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 ساڵە حزبی یەکەمن و دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە و زۆربەی پۆستەکانیان بەدەستەوە بووە . بۆ هۆکاری ئەوەش کە بۆچی حکومڕانان ئێستا با لە هەر وڵاتێک بێت ئەڕۆن لە دەرەوەی وڵات کۆمپانیا دەکەنەوە و و بینا دەکڕن، بە قەناعەتی من ئەوان پێیان وایە کە حکومەتەکەیان تا سەر نابێت و بڕوایان بەوە نییە کە لە ئەو وڵاتە بمێننەوە.دەزانن ڕۆژێک نامێننەوە.

حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان تا چ ڕادەیەک بە سەرکەوتوو دەزانن؟

بە دڵنیاییەوە ئەگەر پێوەرێک دابنرێت بۆ ئەوەی کە حوکمڕانییەکی تەندروست پێوانە بکەین لەگەڵ حوکمڕانییەکی نادروست، بۆت دەرئەکەوێت. بۆ نموونە ئەگەر بێیت و ڕای خەڵک و هاووڵاتییەکان و فەرمانبەرەکان و ئەوانەی کە لە هەرێمی کوردستان ژیان دەکەن وەربگیردرێت ، من پێم وانیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیبێتی سەرکەوتوو بێت ئەویش بەو پێوەرەی کە باسم کرد. ئەبینین کە خەڵک ڕازی نییە لە هیچ چین و توێژێک. زۆر زۆر کەمن ئەو کەسانەی کە لە ئەو شێوازە حوکمڕانییە ڕازین، بۆیە من بە قەناعەتی خۆم ئەوە پێوەرێکە بۆ ئەوەی کە بڵێین بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرکەوتوو نەبووە.

هۆکاری سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و لەوانە دەڤەری کەرکوک چییە ؟ ناتوانی پێشمەرگەیە یان فەشەلی حوکمڕانی؟یان رەنگە هۆکاری سیاسی؟

بە دڵنیاییەوە داعش لە دوای 2014 ەوە هەر چالاکی خۆ کردووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ ئەوەی کە مانەوەی خۆی بسەلمێنێت، زۆربەی جار زیانی لە گوندنشینەکان و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان داوە و ئێستاش دیسانەوە هەم بۆ سەلماندنی خۆی بۆ ئەوەی کە بڵێت ئێمە ماوین و لە هەمان کاتیشدا ڕەنگە تا ڕادەیەکیش پێوەندی بە بابەتی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی عێراقیشەوە هەبێت. هەندێکیشی دەتوانم بڵێم دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی جیهازاتی ئەمنی و سەربازی، نەبوونی کامێرای حەراری کە ئێستا بەختەوەرانە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە هەوڵی بۆ دراوە، نەبوونی تەکنۆلۆژیای پێویست کە لە شەڕی سەردەمدا زۆر پێویستە و لە ڕاستیدا لایەنی سەرکەوتوو دیاری دەکات ئەو بابەتە. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی خەسار لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان کە پێم وایە زیاترین خەساری بە پێشمەرگە گەیاندووە، بۆمب رێژ کردنی رێگاکانە، کە ئەمەش بۆ حکومەت زۆر ئاسانە و بە قیرتاو کردنی نێوان سەنگەرەکان کە پێم وابێت زیاتر لە 100 مەتر نەبێت و بەم شێوەیە دەتوانرێت ڕێگری بکرێت لە بۆمبڕێژ کردنی ڕێگاکان و لە ئەنجامدا ڕێگری لە قوربانی بوونی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکە.