سەرۆک کۆماری ئێران وتی: ئێمە لە دانوستانەکاندا جیدین و گەر لایەنی بەرانبەر بۆ هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان جیدی بێت بێگومان ڕێککەوتنی باش بەدی دێت.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام سەید ئیبراهیم رەییسی ئەمڕۆ لە دانیشتنی باڵوێزەکانی ئێران لە وڵاتە دراوسێیەکان وتی: ئەمڕۆ ئێمە پێویستمان بەوەیە هەنگاوی دووهەمی گۆڕان لە وڵات هەڵبگرین و ئەمڕۆ دەبینین گۆڕانی ئەرێنی زۆر لە بواری ئابووری، سیاسەتی دەرەوە و ... پێک هاتووە.

ئەو وتیشی: ئێمە بە مەبەستی پێشکەوتنی وڵات دەبێ دۆخەکە لێک بدەینەوە و مەودای نێوان دۆخی ئێستا و ئەوەی مەبەستمانە، کەمی بکەینەوە. ئێمە پێویستمان بە گۆڕانی ڕەوتەکان هەیە.

ناوبراو داکۆکی کرد: هەر وڵاتێک کە پێشکەوتنێکی بەخۆوە بینیوە بێگومان کاریگەری سیاسەتی دەرەوەی لە سەر بووە، ناکرێت کێشەیەک لە وڵاتدا بێت و وەزارەتی دەرەوە بڵێیت تەنیا پێوەندی بە ناوخۆی وڵاتەوە هەیە.

سەرۆک کۆمار وێڕای ئاماژە بە گەمارۆکانی سەر ئێرانیش وتی: ستراتیژی ئێمە ئەوەیە کە گەمارۆکان هەڵوەشێنینەوە و کردەوەی جیدیشمان بۆ ئەم مەبەستە دەبێت. هەندێ کەس وتوویانە ئێران دانوستان ناکات، جیدی نییە و بەرنامەیەکی نییە بەڵام گەر لایەنی بەرانبەر بۆ هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان جیدی بێت، ڕێککەوتنی باش بەدی دێت.

ئەو وتیشی: نابێ بەم دۆخە ڕازی بین، پێوەندی ئێستا لە گەڵ دراوسێیەکان قانعمان ناکات و دەبێ بۆ پێوەندی زیاتر هەوڵ بدەین.