بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هلۆسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی بودجە و پلانڕێژی پەرلەمان، ڕاپۆرتە بڵاو بووەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی تورکیا لە چەکی کیمیایی لە ئۆپراسیۆنی سەربازی هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە.
لە ئەو کۆبوونەوە تۆلای حاتەم ئوغولاری نوێنەری هەدەپە لە ئەدەنە، لە لێدوانێکدا لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن دەوڵەتی ئەو وڵاتەوە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان قسەی کرد. ناوبراو بە ئاماژە بە پاگەندەگەلێک کە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هەرێم هەیە، وتی: بە پێی ئەوەی کە تورکیا لە ساڵی 1999 رێککەوتننامەی قەدەغەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی واژۆ کردووە ئەبی لە ئەو بوارە هەستیار بێت و لێکۆڵینەوەی پێویستیش بکرێت.
ئەو قسانەی نوێنەری هەدەپە بووە هۆی ئاڵۆزیی هلۆس ئاکار و جودەت ییڵماز سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجە. ئاکار لە وەڵام بە حاتەم ئوغولاری وتی: نە لە تورکیا و نە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان جوگرافیایەک بە ناوی کوردستان بوونی نییە. دوای ئەوە گارۆ پایلان نوێنەری دیکەی هەدەپە پرسیاری کرد: بە قسەی ئێوە ئایا لە عێراقیش کوردستان بوونی نییە؟ بەڵام ئاکار وەڵامی نەدایەوە.
ئاکار هەروەها سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییش وتی: هێزە چەکدارەکانی تورکیا هەرگیز چەکی کیمیاییان بەکار نەهێناوە. ئەوە درۆیە و بۆ خەسار لە تورکیایە.