بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا تورکیا هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ دەکاتەسەر کوردستانی سوریا ، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی "عەرەبی ئەلجەدید" کە پشتی بەچەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماسیی ئاگاداری تورکی بەستوە، ئەنقەرە لەئێستادا ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چاوەڕوانکراوی بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) هەڵپەساردوە.
ئەو سەرچاوە دیپلۆماسیانە ئاماژەیان بەوەکردوە، لەئێستادا گریمانەی هەر کارێکی سەربازیی تورکی بۆسەر کوردستانی سوریا بەدوردەزانرێت، لەبەرئەوەی گفتوگۆکانی تورکیا لەگەڵ هەریەک لەڕووسیاو ئەمریکا سەبارەت بەو پرسە هیچ ئەنجامێکی نەبوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاری تورکیا بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تاکلایەنە بۆسەر کوردستانی سوریا بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەیە لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەریەک لەمۆسکۆو واشنتۆنو وڵاتانی ترى ڕۆژئاوایی.
سەرچاوە دیپلۆماسییە تورکییەکان ڕونیانکردۆتەوە، تورکیا هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ لەگەڵ ڕوسیاشدا دەکات، پێشبینیشدەکات لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا شاندێکی تەکنیکی بگاتە ئەنکەرەو باس لەپرسی سوریا بکەن.
ئەوەش هاتووە، "تورکیا چاوەڕێی ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە دەکات کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا لەگەڵ ڕوسیاو ئەمریکا بۆ باسکردن لەدۆخی ناوچەکە لەجنێڤ ئەنجامیدان، بۆئەوەش نێردەی ئەمریکی لەچەند ڕۆژی داهاتودا دەگاتە ئەنقەرە، تورکەکانیش ڕایانگەیاندووە، ئامادەن دەستبەرداری پلانی هێرشکردنەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات ببن بەمەرجێک هێزە کوردییەکان لەژێر سەرپەرشتی ڕوسیا لەو ناوچانە بکشێنەوە کە تورکیا داوایدەکات".