بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، تورکیا سەرجەم ئامادەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی کردوەو ئامادەیە بۆ هێرشکردن هاوشێوەی هێرشەکانی سەر عەفرینو سەرێکانێو گرێ سپیو هەماهەنگی تەواویکردوە لەگەڵ گروپەکانی نزیک لەخۆی وەک سوپای سوریای نیشتمانیو کەتیبەکانی دیکەی نزیک لەسوپای وڵاتەکەی.
لە دواین دەرکەوتنیداو لەدوای دیدارەکەی لەگەڵ جۆ بایدن، ڕەجەت تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، ئەوان مەبەستیانە ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدەنو هیچ هێزێکیش ناتوانێت ڕێیان لێ بگرێت، ڕەنگە ئەمە کۆتا پەیامی ئەردۆغان بێت پێش هیرشەکانو ئیدی بەکردەیی سوپاکەی دەست بەجوڵە ڕوەو ناوچە کوردیەکانو ئیدارەی خۆ بەڕێوەبەریی ناوچەکە بکات.
ئەگەرچی باس لەوەدەکرێت، جۆ بایدن هۆشیاریداوەتە ئەردۆغان لەوەی کارێک نەکات لەوە زیاتر پەیوەندیەکانیان تێکبچێت، بەڵام ئەزمونی ڕابردوو لە بێ هەڵوێستیو تەنانەت چاوپۆشی هەریەک لەڕوسیاو ئەمریکا لەو دوو ئۆپهراسیۆنەی ڕابردوی تورکیا لە کوردستانی سوریا ڕەنگە ئاماژەبن بۆ جارێکی تر بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەهێرشەکانی تورکیا لەسوریا.
چاودێرانی دۆخەکە پێیانوایە، ئەگەر تورکیا ئەو پلانەی بۆ بچێتەسەر، ناوچەیەکی گرنگ لە کوردستانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەکاتە ئامانجی داگیرکاری خۆی کە هەریەک لەناوچەکانی (تهل ڕەفعەت، عەین عیسا، تهل تەمەرو مهنبهج) لەخۆدەگرێت.
ئەم ئۆپەراسیۆنەی سوپای تورکیا لەماوەی سێ ساڵی ڕابردودا سێیەم ئۆپەراسیۆنی گەورەی ئەو وڵاتە دەبێت لەنێو خاکی سوریاو ناوچە کوردنشینەکانی ئەو سنوورەدا، لەدوای ئەوەی لەساڵی 2018 عەفرینی داگیرکردو لەساڵی 2019ش سەرێکانیو گرێ سپی داگیرکرد.