به‌گوێره‌ى چه‌ند زانیارییه‌كى تایبه‌ت، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ڵێنیداوه‌ شه‌ڕى براكوژى‌و به‌تایبه‌تیش پارتى‌و په‌كه‌كه‌ ڕونه‌دات

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى شارپرێس له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس‌و باڵاوه‌ ده‌ستیكه‌وتوه‌، هه‌فته‌ى ڕابردوو مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى‌و مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دور لەچاوى کامێراكان یه‌كتریان بینیوه‌و گرنگترین باسی كۆبونه‌وه‌كه‌شیان مه‌ترسیه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى شه‌ڕى براكوژى بوه‌.

له‌زانیاریه‌كاندا باس له‌وه‌شكراوه‌، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا مه‌سعود بارزانى به‌مه‌لا به‌ختیارى وتوه‌، "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ به‌دوباره‌بونه‌وه‌ى شه‌ڕى براكوژى‌و به‌تایبه‌ت شه‌ڕى پارتى‌و په‌كه‌كه‌ ناده‌م".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ڕه‌نگه‌ لێره‌و له‌وێ ته‌ق‌و تۆق بێته‌ كایه‌وه‌و قوربانیش هه‌بێت، به‌ڵام هه‌رگیز ڕێگه‌ به‌شه‌ڕى فراوانى میحوه‌رى ناده‌م له‌نێوان پارتى‌و په‌كه‌كه‌دا".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاو به‌رپرس كه‌ داوایكرد ناوى ئاشكرانه‌كرێت، بۆ شارپرێسى ڕونكرده‌وه‌، له‌چه‌ندین شوێنى دیكه‌ى جیاوازو له‌چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كیشدا، مه‌سعود بارزانى هه‌مان ئه‌و قسه‌یه‌ى دوباره‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌شه‌ڕى براكوژى‌و به‌تایبه‌ت پارتى‌و په‌كه‌كه‌ نادات.

هه‌روه‌ك شارپرێس ئه‌وه‌شى زانیوه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى نێوان مه‌سعود بارزانى‌و مه‌لا به‌ختیاردا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ڕاگرتنى هێرشه‌ میدیاییه‌كان بۆسه‌ر یه‌كتر.