بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شەوی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سنووریی سێمالکا لە کوردستانی سووریا راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: "هەڵوێستی بەرپرسانی دەروازەی سنووری پیشخابوور شەرمەزار دەکەین، کە لێکۆڵینەوەی ورد لەو کەسانە دەکەن، کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و فۆڕمیان پێ پڕدەکەنەوە".
دوای ئەو راگەیێندراوە، ڕۆژی سێشەممە 21ی حوزەیرانی 2021، بەرپرسانی دەروازەکە لە سنووری کوردستانی سووریا، سنوورەکەیان بە یەکجاری داخست.
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سنووری سێمالکادا هاتووە: "بڕیاری بەرپرسانی دەروازەکە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەی دەبات نایاساییە". داواش دەکەن بڕیارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە و "بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارە رابگرن".
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەروازەی سێمالکا، بەرپرسانی دەروازەکە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە (پیشخابوور) "داوای پڕکردنەوەی فۆرمێکی زانیاریی لە گەشتیاران دەکەن، کە زانیاریی هەواڵگرییە، هەروەها گەشتیار لەوانە نەخۆش، بووک و زاوا، دەبێت 48 کاژێر چاوەڕێ بکەن، تاوەکوو رێگە بدرێت بە دەروازەکەدا تێپەڕن، بەڵام راستییەکەی چوار رۆژی پێدەچێت، ئەوەش لە کاتێکدایە زۆربەی گەشتیارەکان لە دۆخێکی تایبەت و بەپەلە دان، وەک نەخۆشانی تووشبووی شێرپەنجە کە بۆ چارەسەری دەچن".
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی دەروازەی سنووریی سێمالکا، ئەو هاووڵاتیانەی ئەورووپا کە سەردانی کوردستانی سووریایان کردووە، تەنیا ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی حوزەیرانی 2021 دەتوانن لە کوردستانی سووریاوە بچنەوە هەرێمی کوردستان.
دەروازەی سێمالکا – پیشخابوور، دەروازەی سەرەکیی نێوان کوردستانی سووریا و هەرێمی کوردستانە، جگە لە هاتووچۆی هاونیشتمانیان و شاندە نێوخۆیی و بیانییەکان، بۆ مەبەستی بازرگانیش بەکاردێت و دەکەوێتە سێگۆشەی سنووریی نێوان کوردستانی سووریا، هەرێمی کوردستان و کوردستانی تورکیا.