AP ١٤٠٥ گوڵان ٣ ٠٩:٤١

پاڵانتیر و ئێران؛ ڕواڵەتی نوێی جەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم

پاڵانتیر و ئێران؛ ڕواڵەتی نوێی جەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم

لە شەڕەکانی هاوچەرخدا، تەکنەلۆژیا چیتر تەنها ئامرازێکی پشتیوانی نییە؛ بووەتە ناوەکی بڕیاردان.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەوەی لە شەڕی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران ڕوویدا، نیشانەی چوونە ناو قۆناغێکی نوێی شەڕە؛ قۆناغێک کە تێیدا "خێرایی ئەلگۆریتم" جێگەی "حوکمدانی مرۆڤ" دەگرێتەوە.

لە ناوەندی ئەم گۆڕانکارییەدا ناوی کۆمپانیایەک زۆرترین سەرنج ڕادەکێشێت: پاڵانتیر.
کۆمپانیای پاڵانتیر کۆمپانیایەکی ئەمریکییە و لە بواری شیکاری داتا گەورەکان و زیرەکی دەستکرددا چالاکە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە بەڵێندەرە سەرەکییەکانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەمریکا. کۆمپانیاکە لە سەرەتاوە لە نزیکەوە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی وەک سی ئای ئەی و پنتاگۆن کاریان کردووە و وردە وردە بەرهەمەکانی لە ناوچە هەواڵگرییەکانەوە گواستووەتەوە بۆ مەیدانەکانی ئۆپەراسیۆنی جەنگ. ناوەکی چالاکییەکانی پاڵانتیر دروستکردنی پلاتفۆرمێکە کە بتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا بڕێکی زۆر داتا شی بکاتەوە و بیگۆڕێت بۆ “بڕیار”.

ئەم بڕیارە دەتوانێت لە دەستنیشانکردنی تۆڕێکی داراییەوە دەست پێبکات تا دیاریکردنی شوێنی ئامانجێکی سەربازی.

لە شەڕی ئەم دواییەدا هەمان توانا ڕاستەوخۆ لە پرۆسەی کوشتنەکەدا جێگیر کراوە و ڕۆڵی لە ئامرازێکی شیکارییەوە گۆڕیوە بۆ ئەکتەرێکی ئۆپەراسیۆن.
لە ڕابردوودا پرۆسەی بە ئامانجگرتنی سەربازی- ئەوەی پنتاگۆن ناوی دەبات “زنجیرەی کوشتن”- پێویستی بە کاری هەزاران شرۆڤەکار هەبوو. وێنەی مانگی دەستکرد پێداچوونەوەیان بۆ کرا، ڕاپۆرتەکان هاوتا کران و "پاکێجێکی ئامانج" دەتوانێت چەند ڕۆژێک یان تەنانەت چەند هەفتەیەک بخایەنێت بۆ دروستکردن. بەڵام لەگەڵ هێنانەکایەی ئەو سیستەمەی کە لەلایەن پاڵانتیرەوە پەرەی پێدراوە، ئەو پرۆسەیە بۆ چەند چرکەیەک کەم بووەتەوە. ئەم سیستمانە لە یەک کاتدا داتای مانگی دەستکرد، ڤیدیۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ڕێگری پەیوەندییەکان، زانیاری ئینتەرنێت و ڕاپۆرتی مەیدانی وەردەگرن و شی دەکەنەوە، لە کۆتاییدا ئامانجە پێشنیار کراوەکان بە جۆری گونجاوی چەک دەخەنە ڕوو. ئەوەی سەردەمانێک دەرئەنجامی هێزی مێشکی بەرفراوانی مرۆڤ بوو، ئێستا بووەتە دەرئەنجامی ئەلگۆریتمێک کە نە ماندوو دەبێت و نە دەوستێت.
بەڵگەنامە ستراتیژییەکانی سوپای ئەمریکا بە ڕوونی جەخت لەسەر یەکمایەتی بوون و گرینگی خێرایی دەکەنەوە. ئەم ڕێبازە وەرگێڕدراوە بۆ پەسەندکردنی "خێراتر کوشتن" لە "کوشتنی وردتر". کاتێک لە ٢٤ کاتژمێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنێکدا هێرش دەکرێتە سەر سەدان یان هەزاران ئامانج، دەرفەتێک بۆ پشتڕاستکردنەوەی ورد نامێنێت. سیستەمەکانی AI ئامانجەکان پێشنیار دەکەن و مرۆڤەکان لە کاتێکی زۆر کەمدا پشتڕاستیان دەکەنەوە. بە ڕواڵەت مرۆڤەکان لە ڕۆڵی بڕیارداندا دەمێننەوە، بەڵام لە ڕاستیدا خێرایی و قەبارەی داتاکان کەمیان کردووەتەوە بۆ پەسەندکەرانی بێ دەرەتان. لێرەدایە کە بۆشایی نێوان بەرپرسیارێتی مرۆڤ و بڕیاردانی ماشێن بەرتەسک دەبێتەوە.

نموونەی وەک هێرش بۆ سەر قوتابخانەی میناب لە باشووری ئێران کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٦٠ منداڵ، کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە دەردەخەن. کاتێک سیستەمێک بە شێوەیەک دیزاین دەکرێت کە قەبارەیەکی گەورەی ئامانجەکان لە ماوەیەکی کورتدا شیبکاتەوە و لێکدانەوەی خێرای بۆ بکات، ئەگەری هەڵە دەبێتە بەشێک لە لۆژیکی کارکردنی. لەم جۆرە بارودۆخانەدا جیاوازی نێوان هەڵە و بێباکی و تەنانەت کەمتەرخەمی بە ئەنقەست کاڵ دەبێتەوە. تەنیا ئەوە نییە کە ئەلگۆریتمەکە دەتوانێت هەڵە بکات؛ کێشەکە ئەوەیە کە تەواوی پێکهاتەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە دەرفەتی ڕاستکردنەوەی هەڵەکە نەمێنێت. ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد تەنها لە هەڵبژاردنی ئامانجدا سنووردار نییە. شەڕی مۆدێرن کێشەیەکی لۆجستیکی ئاڵۆزە و پالانتیر ڕۆڵێکی سەرەکی لەم بوارەدا دەگێڕێت. هەماهەنگی نێوان مووشەک، بۆمب هاوێژ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پڕکردنەوەی سووتەمەنی ئاسمانی و بەڕێوەبردنی تەقەمەنی پێویستی بە لێکدانەوەی قەبارەیەکی گەورەی زانیاری هەیە. سیستەمی زیرەکی دەستکرد ئەم پرۆسەیە باشتر دەکات، سیناریۆی جیاواز لە ماوەیەکی کورتدا ڕێکدەخات و تەنانەت پێشنیاری ئەوە دەکات کە کام چەک بۆ ھەر ئامانجێک بەکاربهێنرێت. بەم شێوەیە زیرەکی دەستکرد بووەتە بزوێنەری جێبەجێکاری شەڕ؛ بزوێنەرێک کە هەم بڕیار دەدات و هەم ڕێنمایی جێبەجێکردن دەکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، ڕاستییەکی تری گرنگ هەیە، ئەویش شەڕ بووەتە بازاڕێکی قازانج بۆ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا. پالانتیر، بە وەرگرتنی گرێبەستی سەربازی گەورە، بووەتە یەکێک لە براوە سەرەکییەکانی ئەم ڕەوتە. ئەمەش بەو مانایەیە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا سەربازییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دروست بووە. تا شەڕەکە فراوانتر بێت، ئەم کۆمپانیایانە قازانجیان زیاتر دەبێت. ئەم هاوتەریبییە لە نێوان بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و بەردەوامیی ململانێکان، یەکێکە لە لایەنە مەترسیدارەکانی شەڕەکانی لەسەر بناغەی AI پێکدێنێت.
ئەوەی لە شەڕی ئێراندا ڕوویدا، درێژەپێدەری ڕەوتێکە کە پێشتر لە غەززە بینرا. لەوێشدا سیستەمی زیرەکی دەستکرد بۆ ناسینەوەی ئامانجەکان بەکارهێنرا و ئەلگۆریتمەکان بە کردەوە ڕۆڵیان هەبوو لە دیاریکردنی چارەنووسی تاکەکاندا. ئەزمونی غەززە دەریخست کە ئەم تەکنۆلۆژیایانە دەتوانرێت بە خێرایی لەسەر ئاستێکی بەرفراوان جێگیر بکرێن، تەنانەت ئەگەر مەترسی کوژرانی مەدەنییەکان زۆر بێت. شەڕی ئێران ئەم ڕەوتە بردە ئاستێکی نوێ و نیشانی دا کە بەکارهێنانی AI لە شەڕدا ئیتر بەدەر نییە، بەڵکوو خەریکە دەبێتە حوکم.
لەم جۆرە بارودۆخەدا، ئیدیعای ئەوەی کە "تەکنەلۆژیا بێلایەنە"، ئیتر پاساوی نابێت و جێی بڕوا نییە. تەکنەلۆژیا لە بۆشاییدا جێگیر ناکرێت؛ لە چوارچێوەی پێکهاتەکانی دەسەڵاتدا مانای هەیە. کاتێک ئەم پێکهاتانە بە باڵادەستی سەربازی و دەستێوەردان لە قاڵب دەدرێن، ئاساییە کە ئامرازی نوێ بە هەمان ئاراستەدا جێگیر بکرێن. AI لێرەدا نەک هەر بێلایەن نییە، بەڵکوو یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی هەمان لۆژیک: زیادکردنی خێرایی، کەمکردنەوەی تێچوونەکان و فراوانکردنی مەودای لەناوچوون.

لە پشت ئەم پێشهاتانەشەوە دیدێکی ئایدیۆلۆژیش هەیە کە پەیوەندی نێوان کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و دەسەڵاتی سەربازی بە پێویست دەزانێت. لەم ڕوانگەیەوە نەرم ئامێربووەتە ئامرازی سەرەکی هێزی ڕەق و پەرەپێدانی چەکی بنەمادار بە AI نەک وەک هەڵبژاردن بەڵکوو وەک پێویستییەک سەیر دەکرێت.

ڕوانگەیەکی لەو شێوەیە بە شێوەیەکی کاریگەر ئاراستەی بەکارهێنانی زانست لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتییەوە بۆ خزمەتکردنی شەڕ دەگۆڕێت.
ئەوەی لە کۆتاییدا لەم پرۆسەیە سەرهەڵدەدات، وێنەیەکی نائارامکەری داهاتووی شەڕە. بڕیارەکان سەبارەت بە ژیان و مردنی مرۆڤ تادێت بە ئەلگۆریتمەکان دەسپێردرێت و خێرایی جێگەی وردبینی دەگرێتەوە و بەرپرسیارێتی لە چینە ئاڵۆزەکانی تەکنەلۆژیادا شاراوەتەوە. پالانتیر تەنیا کۆمپانیایەک نییە؛ هێمای ئەم گۆڕانکارییە. هێمایەک بۆ ئەوەی کە چۆن زانست و تەکنەلۆژیا ئەگەر بخرێتە ئاڕاستەیەکی دیاریکراوەوە، لە ئامرازێکەوە بۆ پێشکەوتن بگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ لەناوچوون.
پرسی سەرەکی خودی AI نییە، بەڵکوو چۆنیەتی بەکارهێنانیەتی. هەمان ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە بواری پزیشکی و ژینگە و باشترکردنی کوالیتی ژیاندا. بەڵام کاتێک دەخرێتە خزمەت ئامێرێکی جەنگییەوە کە زیادبوونی کوشندەیی لە پێشینەدا بێت، ئەنجامەکەی جگە لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی هیچی تر نابێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا جیهان دەتوانێت یاسایەک بۆ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایانە دابنێت، یان کێبڕکێی زلهێزەکان ڕێڕەوێک دەباتە پێشەوە کە تیایدا خێرایی کوشتن گرنگترە لە وردبینی و بەرپرسیارێتی. وەڵامی ئەم پرسیارە داهاتووی شەڕ و ڕەنگە داهاتووی مرۆڤایەتی دیاری بکات.

News ID 59319

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha