بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە بەغدا ڕازی بووە بە داواکاری وەزیری دەرەوەی کاتی سووریا بۆ دواخستنی سەفەرەکەی بۆ عێراق.
وتیشی: هه ڵوێستی ئێمه له سەر سووریا پەیوەندی به ئێرانەوه نییه و کار دەکەین بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی له پەیوەندییەکانمان له گەڵ ئەمریکا و ئێران.
فوئاد حسێن وتی: ئەمریکا پێشنیاری کرد کە هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە ڕابگرین. ناوبراو هیوای دەربڕی کە گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام بێت و وتی: کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەگۆڕاوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئاماژەدان بەوەی "داماڵینی چەک لە گرووپەکان پێویستی بە گفتوگۆی ناوخۆیی هەیە"، وتی: ئەو گرووپانە بەهۆی پێشهاتەکانی ناوچەکە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکی ڕاگرتووە.
هەروەها جەختیشی کردەوە: هیچ سزایەکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر بانکەکانی عێراق نییە.
فوئاد حسێن زیادی کرد: هەڕەشەکان سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق هێشتا بوونی هەیە.
جەختیشی لەوە کردەوە: " پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چەک دابنێت هاوکێشەیەکی نوێ بەدوای خۆیدا دەهێنێت".
وتیشی: ئێمە پابەندین بە ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران.
Your Comment