AP ١٤٠٣ ڕێبەندان ٤ ١٥:٠٣

لێدوانی گرینگی وەزیری دەرەوەی پێشووی لوبنان بۆ ئاژانسی مێهر

لێدوانی گرینگی وەزیری دەرەوەی پێشووی لوبنان بۆ ئاژانسی مێهر

وەزیری دەرەوەی پێشووی لوبنان، وێڕای تاوتوێ‌کردنی ڕەوتی هەڵبژاردرانی سەرۆک کۆماری نوێی ئەو وڵاتە، باسی لە ڕۆڵی نوێی ئەکتەرانی نێودەوڵەتی و ئاسۆی سیاسیی نوێی بەردەم لوبنان لە قۆناغی داهاتوودا کرد.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەولەتی: عەدنان مەنسوور وەزیری دەرەوەی پێشووی لوبنان لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر، سەبارەت بە تەرکیزی وڵاتانی دەرەوەیی و ڕۆژئاوایی و عەرەبی بۆ هەڵبژاردرانی سەرۆک کۆماری نوێی لوبنان، وتی: لوبنان هەمیشە لە یەکەمایەتییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی بووە و ئەوان بەردەوام پێداگربوون لە ئاسانکاری بۆ پڕۆسەی هەڵبژادرانی سەرۆک کۆماری نوێ، چونکە لوبنان پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برادەریدا بووە و دواجار ئەم چاوەروانییە لە ئەنجامی دەستدرێژیی زایۆنییەکان، بە ئەنجام گەیشت. چونکە پاش واژۆی ئاگربڕ و بۆشایی سیاسی تەرکیزێکی تایبەتی لە سەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بە ناوبژیگەریی وڵاتانی عەرەبی و ناعەرەبی کرا و لە ئەنجامدا گۆرانکارییەکان گەیشتە ئەنجامی ڕێککەوتن لە نێوان پێکهاتە سیاسییەکانی لوبنان و هەڵبژادرانی جۆزێف عەون بە سەرۆک کۆماری.

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە تەرکیزی سعوودییەکان لە سەر پێشخستنی دۆسیەی قورسی لوبنان بە تایبەت دوای ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و هاوکێشە ناوچییەکان وتیشی: لوبنان بەشێکی دانەبڕاوەی ناوچە ولە ژێر کاریگەریی ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەتی. ئەوە بەو مانا نییە کە لوبنان تەواوەتی سەرزەوینی و ئازادی و سەربەخۆیی بڕیاردانی لە ململانێی سیاسیی نێودەولەتی و ناوچەییدا لەدەست دابێت. ئەگەرچی گومانێک لەوەدا نییە کە ڕووداوەکانی ئەمدواییەی سووریا بۆتە هۆی ڕاکێشرانی سەرنجی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبی بۆ لای لوبنان، لەپێناو کۆنتڕۆڵ‌کردنی دۆخەکە. بەڵام هاوکات ئەو هەلەی بۆ لوبنان بەدواوە بوو کە پاش داڕمان و بۆشایی سیاسی، سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت. کەواتە دەتوانین بڵێین گۆڕانی سیستمی سیاسی سووریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ناوچە و دەوڵەتانی ناوچەدا بووە و شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ گۆرانکارییەکانی سووریاش بە قزانجی ناوچە و لوبنان تەواو بوو.

عەدنان مەنسوور سەبارەت بە خەملانی هیوای لوبنانییەکان بە هەڵبژاردرانی جۆزێف عەون و لەوان هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی ڕۆژئاوایی لەسەر ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند: بێ‌گومان هەڵبژاردرانی جۆزێف عەون پاش چەندین ساڵ بۆشایی سیاسی لە لوبنان، هیوای لوبنانییەکانی بووژاندەوە و ئەمە لە کاتێکدایە کە لوبنان لە 2018ـه‌وە تا ئیستا بەرەوڕووی ئاستەنگێکی زۆری ئابووری و دارایی بووە و نزیکەی لەسەدا 90ی بایەخی دراوی خۆی لەدەست دابوو و گەندەڵی ئەو وڵاتەی داگرتبوو. ئەمە سەرەڕای بوونی 2 ملیۆن ئاوارەی سوورییە کە گوشارێکی زۆری خستبووە سەر وڵاتێکی چکۆلەی وەک لوبنان و لەم هەلومەرجەدا هەڵبژادرانی عەون مایەی دڵخۆشیی لوبنانییەکانە و خەڵکی لەو باوەڕەن کە ئەو دەتوانێ کاریگەری بێت لە نەوژەن‌کردنەوەی لوبنان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەتایبەت پاش شەڕی وێرانگەری ڕژیمی زایۆنی کە چەندین ملیارد دۆلار زیانی بەم وڵاتە گەیاندووە. هەڵبەت ئەم بابەتە پێویستی بە گەڕانەوەی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی بۆ بەشداری لە نۆژەن‌کردنەوەی لوبنان و سەرمایەدانەری لەم وڵاتەیە.

وەزیری دەرەوەی پێشووی لوبنان کابینەی جۆزێف عەون و وەگەڕخستنی دیپلۆماسییەکی چالاک و جیاوازی لوبنانی لە داهاتوودا، جەختی کرد: دەولەتی نوێی لوبنان راسپاردەی گەورەی لەبەرە و بەرپرسایەتی قورسی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی لە ئەستۆیە و جۆزێف عەون لە وتاردانی ڕێوڕەسمی دانرانیدا ئاماژەی بە خاڵە گرنگەکان کرد و دیارە ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکانە تەنیا بە عەون جێبەجێ ناکرێت و دەبێ هەموو لایەنەکان پێکەوە قۆڵی هاوکاری هەڵماڵن. چونکە لوبنان دەبێ خۆی لە بواری دیپلۆماسیی لە ئاستی ناوچە و وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا تۆکمە بکات و بەیرووت تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندیی تۆکمەی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دەتوانی بە پەیوەندییەکانیدا بچێتەوە و وڵاتانی جۆراوجۆر هان بدات بۆ بەشداری لە نۆژەن‌کردنەوەی لوبنان.

ناوبراو لە کۆتاییدا سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی لوبنان و سووریا، ڕوونی کردەوە: لوبنان پەیوەندیی مێژوویی و جوگرافی و ئابووری و ئەمنیی لەگەڵ سووریادا هەیە و بە ئاوڕدانەوە لە داخرانی خنووری سەرزەوینە داگیرکراوەکان بەڕووی لوبناندا، تەنیا سنووری زەوینی لوبنان لەگەڵ سووریایە و بەمجۆرە سووریا دەرماری ژیانی بازرگانی لوبنانە و هەناردەی لوبنان لە ڕێگەی زەوینییەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی وەک ئۆردۆن و عێراق تەنیا بە سووریادا تێدەپەڕێت. کەواتە لوبنان دەبێ پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی بۆ تۆکمەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی بپارێزێت و ڕێککەوتنی لوبنان و سووریا تەنیا بە قازانجی یەک لایان نییە، بەڵکوو هەر دوو بەهرەی لێ دەبەن. هەر بۆیە دەبێ لە داهاتوو پرسگەلێکی زۆری وەک دیاری‌کردنی سنوورە زەوینی و ناوچە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵات، پرسی ئاوارەکانی سووریا، پرسی ئاسایشی سنوورەکان و ... لە نێوان ئەو دوو وڵاتە چارەسەر بکرێن.

News ID 53705

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha