ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی:گەڕانەوەی ئیمام خومەینی بۆ ئێران پاش ١٤ ساڵ دیاسپۆرا لە ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ ڕووداوێکی گرینگی مێژووی ئێرانە کە وەکوو دەستپێکی دەیەی پیرۆزی فەجریش دێتە ئەژمار.
پاش شۆڕشی خەڵک و چوونە دەرەوەی شای ئێران، شاپور بەختیار وەکوو تەنیا هیوای ڕژیمی پالەوی لە ئێراندا مابوو. لە لایەکی دیکەوە خۆپیشاندانی خەڵک هەموو رۆژێ زیادی دەکرد و دروشمی سەربەخۆیی، ئازادی، کۆماری ئیسلامی وەکوو گرینگترین داخوازی خەڵک باسی دەکرا. ئیمام خومەینی کە مەرجی گەڕانەوەی خۆی بۆ ئێرانی چوونە دەرەوەی شای پالەوی ڕاگەیاندبوو، بە هەڵاتنی ئەو لە ٢٦ی بەفرانباری ١٣٥٧ بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ ئێران.
پاش هەڵاتنی شای ئێران ئیمام خومەینی ئەمەی یەکەم قۆناغی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ٥٠ ساڵەی ڕژیمی پالەوی زانی و ئەم سەرکەوتنەی لە خەڵکی ئێران پیرۆزبایی کرد و رایگەیاند دەگەڕێتەوە بۆ ئێران.
دواتر ڕۆژی 12ی ڕێبەندان گەڕایەوە و لە ١٧ تاکوو ٢٢ی ڕێبەندان، ئێران یەکێک لە قۆناغە ئاوارتەکانی مێژووی سیاسی خۆی تێپەڕاند. لەو کاتەدا دوو دەوڵەت لە یەک ناوەند و بە بێ سنوور چالاک بوون. دەوڵەتێک کە پشتیوانی خۆی لەدەست دابوو و دەسەڵاتی سەربازی نەمابوو. دەوڵەتی دیکەش کە پشتیوانی خەڵکی لە گەڵ خۆی هەبوو، نەک گرێدراوی دەسەڵاتە سەربازییەکانی جیهان بەڵکوو تەنیا پاڵی بە پشتیوانی خەڵکەوە نابوو.
بەرەی شۆڕش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەربڵاوتر دەبوو و بەرپرسانی پەهلەوی دەیانویست بە سەرکۆنە کردنی خەڵک، خۆیان دەسەڵات بە دەستەوە بگرن .
خەڵک درێژەیان بە هێرشەکانیان بۆ ناوەندە دەوڵەتی و سەربازییەکان دەدا و کۆنترۆڵی ئەو شوێنانەیان بە دەستەوە دەگرت.
ئەم شەڕانە درێژەی هەبوو تاکوو ڕۆژێک کە هەزاران ژن و پیاو و پیر و لاو هاتنە سەرشەقام و دژایەتی خۆیان بەم شێوە ڕاگەیاند و بە بەرخۆدان لە بەرانبەر تانکەکان و هێزە سەربازییەکانی ڕژیمی پەهلەوی، بەستێنی سەرکەوتنی شۆڕشیان ساز کرد.
کاتێ کە هەواڵی خۆپیشاندانی خەڵکی تاران بڵاو بووەوە، خەڵکی هەموو شارەکانی دیکەی ئێرانیش هەستانەوە و لایەنگری خۆیان لە کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرایەتی ئیمام خومەینی ڕاگەیاند.
بەم شێوە ڕۆژی چارەنووس سازی ٢٢ی ڕێبەندان گەیشت و ڕژیمی پەهلەوی ڕووخا و بنچینەی لە وڵاتی ئیسلامی ئێراندا لەناو چوو.
شەڕی ١٥ ساڵەی خەڵکی موسوڵمانی ئێران بە ڕێبەرایەتی ئیمام خومەینی گەیشتە ئاکام و بە ڕووخانی ڕژیمی پەهلەوی، شۆڕشی ئیسلامی لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ سەرکەوت و تا ئێستاش هەموو ساڵێک یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزە بەرز ڕادەگیردرێت و خەڵک بە هاتنیان بۆ سەر شەقامەکان دیسانەوە پەیمانی خۆیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی نوێ دەکەنەوە.
Your Comment