بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت " ئەگەر قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خەڵکی سلێمانی دەکەن، با واز لە چەواشەکاری و خۆڵ لەچاوی خەلک کردن بێنن و بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکان و گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەن".
لە ڕاگەیەنراوەکەی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە "ماوەیەکە دامودەزگا میدیایی و کەسانی نزیکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، پرۆپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە وەک هەڵوێستێک لە پێناو مافی مووچەخۆرانی سلێمانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردوە".
ئاماژە بەوەشدراوە "بۆ ڕای گشتی ڕونیدەکەینەوە کە ئەمەش ستەمێکی دیکەیە لەخەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیانی دەکەن. بەرگری لە مافی مووچەخۆرانی سلێمانی ئەرکی هەموو تیمە وەزارییەکانە و ئەگەر ستەمێک بەرامبەر بە خەڵکی سلێمانی هەبێت، بەر لە هەر کەسێک وەزیرانی پارتی و گۆڕان و سوشیالیستیش قبوڵی ناکەن، بۆیە با موزایدە بەسەر خەلکی سلێمانییەوە نەکرێت".
هەر لەو ڕاگەیەنراوەدا هاتووە "کێشەی نەهێشتنی سیولە چەندین مانگ بوو لە سنووری سلێمانی هەبوو و لێژنەی بەدواداچوونیش پێکهێنرابوو و کاریان لەسەر ئەو کێشەیە دەکرد و بڕیار بوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە سەر ئەنجامەکانی کاری ئەو لێژنەیەش بکرێت، بەڵام کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ڕوویدا و ئەو پرۆسەیەی پەک خست، چونکە یەکسەر دوای داوای ڕادەستکردنی تۆمەتبارانی کردەوەکە، قوباد تالەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی هەڵوێستیان وەرگرت و لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کشانەوە".
Your Comment