بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئێران، لە پەراوێزی کۆبونەوەی دوهەمین گروپی کاری هاوبەش بۆ هاوکاریی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کە لە شاری مەشهەد بەڕێوەچوو، رێکەوتن لەنێوان هەردو وڵات کراوە بۆ کارئاسانی زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن.
سید مەجید میر ئەحمەدی بریکاری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری ئاسایش ڕایگەیاندووە: "یەکەیەکی جێبەجێکاری هاوبەش لە نێوان هەردو وڵات لەسەر پرسی زیارەتی ئەربەعینیە پێکدەهێنرێت، بۆ چارەسەرکردن و پلاندانان بۆ کێشەکانی پەیوەست بە سەردانکەران".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا تێپەڕبونی سەردانکەران لە دەروازەی "چەزابە" قەدەغەیە، بەڵام ڕێککەوتن کراوە کە سەردانکەرانی پێشکەوتوی ئێرانی ڕێگەیان پێبدرێت لەم دەروازەیەوە بچنە عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پاسپۆرتەی بۆ سەردانیکاران دروستدەکرێت تەنها لە ماوەی سەردانکردنی ئەربەعینیە کارا دەبێت، ئەم هەنگاوەش یارمەتیدەرێکی زۆر دەبێت لە ئاسانکاریکردنی هاتوچۆی سەردانکەران.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە باسی لەوەشکردوە، "لە میانی دیدارەکەدا پرسەکانی پەیوەست بە ئاسایشی سنورەکان، بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، بەرەنگاربونەوەی قاچاخی چەک و مادەی هۆشبەر و تاوانە ڕێکخراوەکانی دیکەش تاوتوێ کراون.
لە بەرامبەردا، فەریق مەهدی فەکیکی ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق و بەرپرسی مەڵبەندی سەردانەکانی ئەربەعینیە ڕایگەیاندوە، ئەو کۆبونەوانە دەبنە هۆی هاوکاری زیاتر و کەمکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەردو وڵات و هەماهەنگی هەوڵەکان سەبارەت بەسەردانکارانی ئەربەعینیە.
لە 20ی مانگی سەفەری ساڵی کۆچیدا، کە دەکەوێتە نێوان رۆژانی 5 و 6ی (ئازار/3)، ملیۆنان شیعە لە عێراق و هەمو جیهانەوە دەچنە کەربەلا بۆ یادکردنەوەی "چلەی ماتەمینی حسێن"، کە یەکێکە لە گرنگترین بۆنە ئاینییەکان بۆ شیعەکان.
Your Comment