بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دوکتۆر وەهاب وەلی مامۆستای مێژووی زانکۆی شەهید بێهێشتی تاران و ئەندامی لیژنەی زانستی توێژینگەی زانستە مرۆییەکان رۆژی ڕابردوو (چوارشەممە) بە هۆی نەخۆشینی دڵ و سیە لە نەخۆشخانەی شەهید مەدەنی تەورێز لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
دوکتۆر وەلی خوێندنی دوکتۆری لە لقی مێژووی لە زانکۆی ئەستەنبۆڵ کۆتایی پێ هێناوە و لە سەرەتای ئیش کردنی لە زانکۆی مەشهەد لە گەڵ دوکتۆر عەلی شەریعەتی هاوکار بووە و تا بەر لە مەرگی چەندین بەرهەمی نایابی لە بواری مێژوو و ئایین و لەوان "ئۆغوزەکان و غوزەکان" (بەرهەمی پرۆفیسۆر فارۆق سومەر)، "مێژووی عوسمانی" (بەرهەمی پرۆفیسۆر ئیمساعیل حەقی ئۆزۆن چارشلی)، "ئایینەکانی جیهانی کەونارا" (٤ بەرگ)، "مێژووی بەلخ لە غەزنەوییەکانەوە تا مەغوول" و "قەفقاز و سیاسەتی ئیمپراتووریی عوسمانی" نووسیوە و وەرگێراوەتەوە.
ئەم مامۆستایە کە لە دوا ساڵەکانی تەمەنی و پاش خانەنشین بوونی لە مەهابادی شار و زیدی خۆی دەژیا، بڕیارە بەیانی (هەینی- ٥ی ڕەزبەر) تەرمەکەی هەر لەو شارە و بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵکی و فەرهەنگدۆستان و هونەرمەندان لە بەشی ناوداران و بلیمەتاندا ئەسپاردە بکرێت.
Your Comment