وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: خولی یەکەمی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا سازێنەر بوو و لە کەشێکی ئاران و هوشیارانەدا ئەنجام درا و شەممە داهاتوو خولی دووەمی بەڕیوە دەچێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پاش بەڕیوەچوونی خولی یەکەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ وەفدی ئەمریکایی، وتی: نزیکەی دوو کاتژمێر و نیو گفتوگۆی ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ وەفدی دانوستانکاری ئەمریکایی بە هەوڵ و پەیجۆریی وەزیری دەرەوەی عەمان بوو و ناوبراو بەردەوام لە نێوان وەفدەکە لە هاتوچۆدا بوو.

عێراقچی بە ئاماژە بە بەڕیوەچوونی سازێنەرانەی دانیشتنی یەکەم لە کەشێکی ئارام و بەڕیزانەدا و ئەنجامدرانی خولی دووەمی دانیشتنەکان لە شەممەی داهاتوودا، وتیشی: لە دانیشتنی ئەمڕۆدا هیچ زمانێکی نەگونجاو بەکار نەبرا و لایەنەکان پابەندییان بۆ پێشخستنی ئەو گفتوگۆیانە تا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گونجاوی دوو لایەنە و بەرامبەر، نیشان دا.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە دانیشتنی دووەم لایەنەکان هەنگاو دەنێنە ناو گفتوگۆ گشتییەکانی خاوەن چوارچێوەیەکی دیار بۆ نیشاندانی دوورنوێنی سەرەکیی پڕۆسەکە، جەختی کرد: نە ئێمە و نە لایەنی بەرامبەر خوازیاری دانوستانی بێ‌دەسکەوتانە و گفتوگۆ سەڵت نین. دیارە ئەمە کارێکی ئاسان نییە، چونکە پێویستی بە ئیرادەی پێویستی هەر دوو لا هەیە. لایەنی بەرامبەر هەوڵێکی زۆری داوە تا ئیرادەی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە نیشان بدات.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەدا بە ئاماژە بەوەی کە دانوستانەکانی شەممەی داهاتووس هەر لەو ئاستەدا و هەر لە عەمان دەبێت، ڕایگەیاند: کەشی دانیشتنی ئەمڕۆ بە چەشنێک بوو کە دەستەبەرکەری درێژەدانی بوو. لە دانیشتنی داهاتوودا هەوڵ دەدەین هەنگاو بنێینە ناو ڕۆژەڤی دانوستانەکان کە هاوکات هەڵگری خشتەیەکی زەمانییە. گرنگ ناوەڕۆکە و ئەوەی کە بە پێی چ پێوەرێک دانوستان دەکەین و ئەگەر لە داهاتوودا بنەماکان یەکلا بکەینەوە، دەتوانین بەپێی ئەوان گفتوگۆ بکەین.

عێراقچی هەروەها سەبارەت بە گفتوگۆی خۆی و ویتکاف لە کاتی هاتنەدەر لە شوێنی دانوستانەکان، ڕوونی کردەوە: ئەوە ئاساییە کە لایەنەکان لە کاتی هاتنە دەر ڕووبەڕووی یەک ببنەوە و چەند خولەک گفتوگۆ بکەن. ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیپلۆماتە ئەمریکاییەکان هەمیشە هەڵسوکەوتی دیپلۆماتیکمان ڕەچاو کردووە و ئەمجارەش تەنیا ئەوەندەی سڵاو و چەند قسەیەکی ئاسایی لە نێوانماندا ئاڵوگۆڕ کرا و شتێکی گرنگ نەبووە.