قەدەغەکردنی تەواوەتی چوونە ناو ئەمریکا بۆ هاووڵاتیانی ئێران و 10 وڵاتی دیکە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بە پێی ڕەشنووسێک کە لە ئیدارەی ترامپ پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، هاووڵاتیانی 43 وڵات ڕووبەڕووی سنووردارکردن دەبنەوە بۆ چوونە ناو ئەمریکا.

پلانەکە سێ ئاستی سنووردارکردنی لەخۆگرتووە کە توندترینیان قەدەغەکردنی تەواوەتی چوونە ژوورەوەی هاووڵاتیانی 11 وڵاتە.

ڕەشنووسەکە کە لەلایەن بەرپرسانی دیپلۆماسی و ئەمنییەوە ئامادەکراوە، سێ ئاستی سنووردارکردن لەخۆدەگرێت.

لیستی سوور: هاتنە ناوەوەی هاووڵاتیانی 11 وڵات بۆ ئەمریکا بەتەواوی قەدەغە دەکرێن. ئەو وڵاتانە بریتین لە: ئەفغانستان، بوتان، کوبا، ئێران، لیبیا، کۆریای باکور، سۆماڵ، سودان، سووریا، ڤەنزوێلا و یەمەن

لیستی پرتەقاڵی: هاووڵاتیانی 10 وڵات ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توندی ڤیزە دەبنەوە. ئەو وڵاتانە بریتین لە بیلاڕوس، ئێریتریا، هایتی، لائۆس، میانمار، پاکستان، ڕووسیا، سیرالیۆن، باشووری سوودان و تورکمانستان. لەم حاڵەتانەدا تەنها ڕێگە بە گەشتیارانی بازرگانی دەوڵەمەند دەدرێت بچنە ژوورەوە، لەکاتێکدا ڤیزەی کۆچبەران و گەشتیاران بە توندی سنووردار دەکرێت.

لیستی زەرد: 22 وڵات ماوەی 60 ڕۆژیان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەمریکا. ئەگەرنا لەوانەیە بگوازرێنەوە بۆ لیستی سوور یان پرتەقاڵی. ئەم وڵاتانە بریتین لە ئەنگۆلا، ئەنتیگوا و باربودا، بێنین، بورکینافاسۆ، کەمبۆدیا، کامیرۆن، کیپ ڤێرد، چاد، کۆنگۆ، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، دۆمینیکا، گینیا ئیکواتۆریال، گامبیا، لیبێریا، مالاوی، مالی، مۆریتانیا، سانت کیتس و نیڤیس، سانت لوسیا، ساو تۆمێ و پرینسیپی، ڤانواتو، و زیمبابۆی.