Publish Date: ١٤ ئازار ٢٠٢٥ - ٠٧:٠٩

بە پێچەوانەی شوێن و ناوچەکانی دیکەی ئێران، کوردەکان لە شەوی چوارشەممە سووریدا ئاگر ناکەنەوە، بەڵکوو لە شەوی نەورۆزدا ئاگر دەبەنە سەربان و شاخەکانی هاوێری شار و گوندەکانیاندا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی گەشتیاری- میلاد عەتایی: بە پێچەوانەی شوێن و ناوچەکانی دیکەی ئێران، کوردەکان لە شەوی چوارشەممە سووریدا ئاگر ناکەنەوە، بەڵکوو لە شەوی نەورۆزدا ئاگر دەبەنە سەربان و شاخەکانی هاوێری شار و گوندەکانیاندا. ئاگرکردنەوە و جلی ڕەنگاڵە پۆشین و هەڵپەڕکێ لە ڕێوڕەسمە سەرەکییەکانی دەسپێکی ساڵی نوێ لای کوردەکانە.

نەورۆز لە فەرهەنگی کوردیدا

جەژنی نەورۆز یەکێکە لە جەژنگەلی زۆر گرنگی کوردەکان و بێ‌گومان کوردەکان زیاتر لە هەموو گەلانی تر بۆ پاراستنی دابونەریت و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز تێکۆشاون. بۆ وێنە کوردەکان وەک گەلانی تری ئێرانی، سفرەی حەوت سین بە هێمای جۆراوجۆری وەک سەمەنی، سەوزە، سنجوو، سماق، سیر، سرکە و سێو دەڕازێننەوە و لە ڕۆژانی نەورۆزدا بە لەبەرکردنی جل‌وبەرگی خۆجێی و بۆ پیرۆزبایی دەچنە سەردانی خزم و دۆستان.

نەورۆز لە فەرهەنگی کوردیدا

لە نەورۆزدا چکۆلەکان دەستی گەورەکان ڕادەمووسن و گەورەکان جەژنانە دەدەن بە چکۆلەکان. ژنانی ماڵ بۆ نەبووکان و کچانی دەستگیراندار، خوانچە بە دیاری دەبەن و دیاری دەدەن بە منداڵانێک کە بۆ "هەلاوە مەلاوە" هاتوونەتە بەر دەرگای ماڵیان و هیوای "بە بووک‌بوونی کچ و بە زاوابوونی کوڕیان" بۆ خواستوون.

لە ڕۆژانی سەرەتای نەورۆز لە گوندەکاندا، گەورەکان ڕێوڕەسمی "هەتەری مەتەری" بەڕێوە دەبەن و دوای شۆڕکردنەوەی شاڵ و پشتوونەکانیان لە کڵاوڕۆژنەی ماڵانەوە، دەڵێن "هەتەری، مەتەری، شتێکمان بۆ بخەنە بن چەپەری".

لە ڕابردووی نە زۆر دووردا، خەڵکی و دەروهاوسێ لە ماڵێکدا کۆدەبوونەوە و نەقڵ‌بێژ، نەقڵی نەورۆزنامەی بۆ دەکردن.

میری نەورۆزی یەکێکی تر لە دابونەریتە کوردەییەکانە کە پاش ڕاگەیاندنی ساڵی نوێ، بە شێوەی نمایشی و لە قەوارەی ڕێوڕەسمێکی بەربڵاودا بەڕێوە چووە و ئێتسا کەمتر بەڕیوە دەچێت. لەو ڕێوڕەسمە تەنز و شادەدا، خەڵکی لە قەوارەی نمایشدا کەسێک لە ناو خۆیاندا هەڵدەبژێرن و دەیکەنە میری نەورۆزی و ئیدارەی کاروبارەکانی پێ دەسپێرن. میری نەورۆزی بە کۆڵاناندا دەگەڕێ و خەڵک و بازاڕیان بە تاوانی گرنفرۆشی، بێ‌ئەخلاقی و ...، تاوانبار دەکا و حوکمیان بۆ دەردەکا و جەلادیش حوکمەکەی بە شێوەی ڕواڵەتی ڕادەپەڕەنێت.

ئامانجی سەرەکی لە بەڕیوەبردنی ڕیوڕەسمی میری نەورۆزی، سەرەڕای شادی و سەرگەرمی خەڵکی، ناساندن و پاراستنی بایەخەکان، کاری چاکە و خێرخوازییە؛ ئەگەرچی ئەوڕۆکە زۆر باو نەماوە و وەک یادەوەرییەک لە زەینی خەڵکی کوردستاندا بە تایبەت بەساڵاچوواندا ماوەتەوە.

ئەم ڕێوڕەسمە لە چەند سۆنگەوە جیاوازە لە حاجی فیرووز. میری نەورۆز حاکمێکی کاتییە، بە هەڵسوکەوتێکی ڕەخنەگرانە. حاجی فیرووز بەڵام تەنیا پەیامهێنەری نەورۆزە. میری نەورۆزی قەڵافەتێکی تایبەتی نییە و حاجی فیرووز بە ڕوخسارێکی ڕەش‌کراوە و جلێکی سوور و کڵاوێکی قووچەکی دەردەکەوێت. میری نەورۆزی سەرچاوە لە ئایینە کۆنەکانی ئێرانی دەگرێت و پەیوەستە بە جەژنی پادشایی یەک‌ڕۆژە کە کاتی خۆی لە مێزۆپۆتامیادا باو بووە، لە کاتێکدا حاجی فیروز هێمایەکە لە گەڕانەوەی سیاوەش. دواجار میری نەورۆزی سەرەڕای لایەنی هەنەکی و شادی‌هێنەرانە، ئاراستەیەکی نمایشی و ڕەخنەگرانەشی هەیە، لە کاتێکدا حاجی فیرووز تەنیا هێمای شادی بۆ هاتنی بەهارە.

بەڵام بە هۆی کاریگەریی ژیانی مۆدێڕن و تێوەگلانی خەڵکی لە شێوازی ژیانی نوێ، وردە وردە خەڵکی شارەکانی کوردستان ئەم ڕێوڕەسمەیان فەرامۆش کردووە و تەنانەت ئەگەرچی هەڵپەڕکێی نەورۆزی هێشتاش لە کوردستاندا باوە، بەڵام ەئویش لە سەرچاوە ئایینییەکەی دابڕاوە و ڕەسەنایەتی نەورۆزانە و پەیوەندیی مێژوویی خۆی فەرامۆش کردووە. بۆ وێنە خەڵکی شارەکانی کوردستان کەمتر ئاگاداری ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزخوێنی، کۆسەگلین و کۆسەوەوی، هەتەری و مەتەری و ...ن کە هێشتاکەش کەم و زۆر لە گوندەکاندا بەڕیوە دەچن.

کەواتە نەورۆز لای کوردەکان هێمای جەژنێکی نەتەوەیی و ئایینیی کەونینە و کەوناراییە کە پەلی لە مێژوو و فەرهەنگی ئەم گەلەدایە. ئەم جەژنە هێمای ڕزگاری لە سەرما و سەخڵەتی، دەسپێکی گەرما و حەوانەوە و هەروەها هێمای سەرکەوتنی تیشک و ڕۆژ لە شەڕ و ململانێی خێر و شەڕ و تاریکی و ڕۆشناییە.