ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: سەپاندنی ئاگربڕی غەزە بە سەر کابینەی ڕاستی ئیسرائیل، ڕەنگە یەکێک لە گەورەترین گورزە سیاسییەکان بێت کە لە ماوەی 15 مانگی ڕابردوو لە پێگەی سیاسی نتانیاهۆ درابێت. ئەویش لە کاتێکدایە کە زایۆنییەکان بەردەوام پاگەندەی ڕاپەڕاندنی پلانی ژێنڕاڵەکان لە باکووری غەزە و گۆڕینی ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەکەی دەکرد.
کەچی ئەوڕۆکە نە تەنیا حەماس لەناو نەچووە و ژێئۆپۆلیتیکی غەزەش نەگۆراوە، بەڵکوو حەماس دەستی داوەتە نۆژەنکردنەوەی کەتیبەکانی خۆی لە میانەی شەڕ و دانپێدانانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەک گەورەترین پاڵپشتی ڕژیمی زایۆنی لە میانەی وتاردانی لە ئەنجومەنی ئەتلانتیک، خۆی سەلمێنەری ئەو شکستەیە.
وەدینەهاتنی داخوازییەکانی ڕژیمی زایۆنی لە ئاگربڕ
جاودێران دەڵێن ئەم ڕێککەوتنی ئاگربڕەی نێوان ئیسرائیل و بزووتەنوەی حەماس دەیتوانی ساڵێک لەوە پێش بکرێت، بەڵام پێداگرییەکانی نتانیاهۆ و هاوپەیمانانی ڕاستگەرای بۆ گەیشتن بە ئارەزووەکانیان و زێدەخوازییان لەوبارەوە بوو بە هۆی شەهیدکرانی سەدان مرۆڤی بێتاوان. بەوەشەوە ئاخرسەر هەمان مەرجەکان پەسندکران کە حەماس هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە جەختی لێیان دەکرد.
ئەرتەشی ڕژیمی زایۆنی نە تەنیا نەیتوانی حەماس لەناو ببات، بەڵکوو ئێستا دەبێ بەپێی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئاگربڕ لە غەزە بکشێتەوە و هەروەها زایۆنییەکان قبووڵیان کردووە کە لە بەرەی نەتساریمیش پاشەکشێ بکەن و لەمناوە تەنیا شوێنێک لە زایۆنییەکان پێداگرن لە مانەوە تێیدا، بەرەی فێلادێلفیا لە کەرتی سنووریی غەزە و میسرە. کەچی میسرییەکان نیگەرانن کە زایۆنییەکان لەبری تۆڵەی شکستەکانیان ڕێککەوتنی کەمپی دەیڤید پێشێل بکەن و بیانەوێ بۆ هەمیشە لەو خاڵە سنوورییەدا بمێننەوە. هاکات فەلەستینییەکانیش بە مانەوەی زایۆنییەکان ناڕازین و پێداگرن لە چۆڵکردنی ئەو شوێنە.
غەزە چ داهاتوویەکی دەبێت؟
خاڵێکی تر لە پڕۆسەی ئاگربڕی غەزە، هەڵویستی لاوازی زایۆنییەکان هەمبەر بە داهاتووی غەزەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بلینکێن لە دواوتاری گرنگی خۆی ڕایگەیاندبوو کە ڕێگەی تێکشکاندنی حەماس، بە تەنیا هێرشی سەربازی بۆ غەزە بەس نییە، دەبێ بیر لە جێگرەوەیەکی تر بۆ ئیدارەی غەزە بکرێتەوە. دیارە ئەمریکا، یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی پێداگرن لە گەڕاندنەوەی ڕێکخراوی خۆبەڕیوەبەری.
زایۆنییەکان بەڵام دەیانەویست بە داگیرکردنی یەکجاریی غەزە و گرتبەبەری پلانی "تەڤڵی یەکجاری" وردە وردە فەلەستینییەکان لەوێ دەر بکەن و ئەو ناوچەیە بەری لە دانیشتووانی بکەن. ئەوڕۆکە بەڵام پێدەچێ درێژەی دەسەڵاتدارێتی حەماس لە غەزە "بەپێی ڕێککەوتنی پێکەن" لە هەموو بژێرەکانی تر بەرچاوتر و هەم ڕۆژئاوا و هەمیش ڕژیمی زایۆنی پیلانەکانی خۆیان بۆ ڕانەپەڕێندراوە.
خۆشحاڵی بەرخۆدان و خەمۆکی ڕژیمی منداڵکوژ
هاوکاتی ڕێککەوتنی ئاگربڕ و بەرزبوونەوەی بانگی سەرکەوتن لای خەڵکی غەزە و هەموو لایەنگرانی بەرخۆدان، وێڕای بڵاوکردنەوەی شیرینی و هەڵپەڕکێی خەڵکی دەتوانێ نیشاندەری سەرکەوتن لە غەزە بێت و ئەمەش بۆتە هۆی تووڕەبوونی زایۆنییەکان و هەڵوێستنواندنی هەستۆکانە بە نیشاندانی وێنەی کۆمەڵکوژیی ژنان و منداڵانی بێتاوانی غەزە، کە "بەڵێ ئەوە نییە ئێمە سەرکەوتووین". کەچی نازان کە دەرکرانی حوکمی دەستگیریی نتانیاهۆ و گاڵانت لە لایەن دادگەی لاهەوە بە تاوانی جەنایەتی جەنگی، خۆی مایەی سووکایەتی زایۆنییەکان لە ئاستی کۆمەڵگای جیهانییە.
ئەم شکستە بەڕادەیەک ئاشکرایە کە هەندێک شرۆڤەکاری هان داوە بۆ پاگەندەبێژیی ئەگەری پەلاماری دووبارەی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر غەزە و لەمناوە نتانیاهۆ بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا کەوتۆتە نێوان دوو گوشارەوە: هەندێک خوازیاری درێژەی شەڕی غەزەن لەپێناو قەرەبووکردنەوەی ئابرووی لەدەستچووەیان و لەناوبردنی یەکجاریی حەماس و گۆڕینی ژێئۆپۆلیتیکی ناوچە و لایەنی پێداگری ئاشتی نێودەوڵەتی کە لایان وایە ئاگربڕی غەزە هەم زەروورەتێکی ئەمنییە و هەمیش زەروورەتی ئەخلاقی.
کەواتە ڕەنگە لەمناوەدا نتانیاهۆ ناچار بێت لە گەمەیەکی دووفاقە و بە گوێرەی کارناسان ئەگەری ئەوە هەیە پاش ئاڵوگۆڕی ئەسیران، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕێککەوتنەکە پێشێل بکا و بە چرای سەوزی ترامپ پەلاماری حەماس بداتەوە.