ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: تلاڤیڤ پاش 15 مانگ لە بەڵێنی لەناوبردنی یەکجاری بزووتنەوەی حەماس و سەرکەوتنێکی نزیکی لە کەرتی غەزە، ئاخرسەر ناچار لە قبووڵکردنی ڕێککەوتنی ئاگربڕ لە ڕێگەی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس بوو.
لەمناوە شرۆڤەکارانی عەرەب لایان وایە کە پاشەکشێی تلاڤیڤ لە هەڵوێستی پێداگرانەی سەبارەت بە کەرتی غەزە بەتایبەت لە بەرەکانی نەتساریم و فێلادێلفیا بۆ گەیشتن بە ئاگربڕ، گەورەترین شکستی ئەو ڕژیمە لە بەرامبەر بەرخۆدانی فەلەستین بووە.
لەمناوە عەبدلباری عەتوان، شرۆڤەکاری ناسراوەی جیهانی عەرەب لە ڕۆژنامەی "رای الیوم"دا جەختی کرد: ئەگەر دەتانەوێ بزانن کێ لەم ڕێککەوتنەدا سەرکەوت، تەنیا بڕواننە ڕوخساری نەتانیاهۆ و ئەنجومەنی وەزیرانی کە چۆن ڕەنگی ماتەم و خەمۆکی لێ نیشتووە. نەتانیاهۆ هیچکات ئەم ڕێککەوتنە جەژن ناگرێت، بەڵام شایەدی شەپۆلێک لە شادی و خۆشیی فەلەستینییەکان دەبێت.
"المیادین"ـیش لەوبارەیەوە نووسی: پاش 15 مانگ لە دڕندەیی زایۆنییەکان لە غەزەدا، بەرپرسانی تلاڤیڤ ناچار بوون لە هەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆزدا وەڵامی ئیجابی بدەنەوە بە داواکاریی ڕەوای بەرخۆدان. ئەگەرچی پێشتر پاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە شەڕ تا ماوەیەکی نادیار درێژەی دەبێت، بەڵام ئێستا بە قبووڵکردنی دۆڕانیان ناچار لە ملدان بە ئاگربڕ بوون.
کەناڵی هەواڵی "قودس"ـیش گفتوگۆی هاووڵاتییەکی فەلەستینی بڵاوکردۆتەوە کە دەڵێ: نتانیاهۆ دەیوت هیچکات لە نەتساریم و فێلادێلفیا ناکشێتەوە، بەڵام ئەوڕۆ تەسلیمی بەرخۆدان و خۆڕاگریی گەلی فەلەستین بووە. وتبووی تاقەتی دیتنی حەماس و بەرخۆدانی نییە، بەڵام ئەوڕۆ ناچارە چاوەروانی وەڵامی حەماس بە پێشنیاری ئاگربڕ بێت.
کەناڵی ئیمارەتیی "سکای نیوز"ـیش لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژە بە شادی و خۆشیی دانیشتووانی غەزە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕێککەوتنی ئاگربڕی غەزە جەختی کرد: گەیشتن بەو ڕێککەوتنە بە مانای سەرکەوتنی گەلی فەلەستین لەسای خۆڕاگریی بێوێنەیان هەمبەر بە دوژمنی زایۆنییە.
ماڵپەڕی هەواڵی "رؤیة نیوز"ی میسریش بە ئاماژە بە پاگەندەی ڕژیمی زایۆنی بۆ مانەوەی هەمیشەییان لە کەرتی غەزە، ڕایگەیاند: ئێستا نە تەنیا ئەو ڕژیمە لەو ناوچەیە دەبێ بکێشتەوە، بەڵکوو نەگەیشتە ئامانجی سەرەکی خۆی کە لەناوبردنی حەماس بوو.
هەروەها کاربەرێک بە ناوی "عەلی نەسی" لە هەژماری کۆمەڵایەتی خۆیدا نووسی: ئەرتەشی زایۆنی بەو ڕێککەوتنە ناچار لە دانپێدانان بە شکستی لە وەدیهێنانی ئامانجە ڕاگەیێندراوەکانی لە غەزە و لەوان لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس و ئازادکردنی هەموو یەخسیرانی.
کاربەرێکی تر بە ناوی محەمەد نووسی: ڕژیمی زایۆنی پاش ڕێککەوتنی ئاگربڕ 81 فەلەستینی شەهید کرد. ئەوە هەمان دوژمنێکە کە زۆربەی وڵاتان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەو دەست و پێ دەشکێنن.
کاربەرێکی تر دەنووسێ: ورەی گەلان هیچکات تێکناشکێت و ئەم سەرکەوتنە دەروەستی بە ئاست و چەشنی چەک و چۆڵی سەربازی نییە. هێز تەنیا لە چەکەوە نایەت، بەڵکوو لە ئیمان و ئیرادەوە دێت.
"حسێن سافی"ـیش دەڵێ: مێژوو هەرگیز فەرامۆشی ناکات کە شیعەکان هەموو داراییەکانیان ڕشتە پای غەزە. سپاس بۆ ئێران، لوبنان و یەمەن.