Publish Date: ١٨ کانونی یەکەم ٢٠٢٤ - ١٨:١٣

سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئێران لە دیداری نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری عێراق، سەبارەت بە تەشەنە و پەرەسەندنی دۆخی ناهێمنی سووریا بۆ عێراق هوشداری دا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کەماڵ خەرازی لە دیداری محەمەد ئێحسان نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری عێراق، وێڕای لێکدانەوەی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و کاریگەریی لە سەر عێراق، ڕایگەیاند کە پلانی لاوازکردنی وڵاتانی ناوچە لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ڕژیمی زایۆنی و لەوان ڕووخاندنی دەوڵەتی سووریا وەک پاڵپشتێکی بەرخۆدان، بەردەوام لە ڕۆژەڤی ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی بووە.

ناوبراو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی بۆ گۆڕانکارییەکانی سووریا و بەتایبەت کەڵک‌ئاوەژوویی ڕژیمی زایۆنی لە بۆشایی هێز لە سووریا و پێشێل‌کردنی تەواوەتی سەرزەوینی ئەو وڵاتە بە بوردومانی بەربڵاوی ژێرخانە سەربازی و مەدەنییەکانی و هەنگاونان بەرەو دابەش‌کردنی سووریا، هەمبەر بە بە تەشەنە و پەرەسەندنی دۆخی ناهێمنی سووریا بۆ عێراق هوشداری دا و خوازیاری هەڵمەتی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە بوو.